سودەکانی تیشکی خۆر بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی جەستە

تەندروستی

01/06/2025‌ 2208 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ئۆکلاند لەنیوزلەندا ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردوە، بەرکەوتنی بەردەوام بەتیشکی خۆر، سیستەمی بەرگریی لەش بەرزدەکاتەوە بەپاڵپشتیکردنی ڕیتمی ڕۆژانە، کە کاتژمێری بایۆلۆجی ناوەکییەو بەهۆی ڕوناکییەوە ڕێکدەخرێت.


توێژینەوەکە لەماڵپەڕی ساینس ئەلێرت بڵاوکراوەتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، کاری شۆفتی شەو یان پچڕانی ئەم ڕیتمە ڕەنگە توانای جەستە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەوکردن لاواز بکات.

توێژەران توێژینەوەکەیان لەسەر بنەمای ماسی زیبرا داناوە کە لێکچونێکی بۆماوەیی بەرزیان لەگەڵ مرۆڤدا هەیەو جەستەیەکی شەفافە کە ڕێگە بەچاودێریکردنی خانەکانی بەرگریی لەش دەدات.

ئەنجامەکان دەریانخستوە، نیوترۆفیلەکان کە باوترین خڕۆکە سپییەکانی خوێنن، لەڕۆژدا بەشێوەیەکی کاراتر کاردەکەن، وەڵامی تیشکی خۆر دەدەنەوە لەڕێگەی جینێکەوە کە بە"per2" ناسراوە کە میکانیزمی کوشتنی بەکتریاکانی ناو خانەیی چالاک دەکات.

کاتێک ئەم جینە لەماسیدا لەکارکەوت، توێژەران تێبینی لاوازبونی وەڵامی بەرگریی‌و زیادبونی هەوکردنیان کرد.

پسپۆڕان ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەم دۆزینەوانە ڕێگه‌ خۆشدەکەن بۆ پەرەپێدانی ئەو چارەسەرانەی کە کاتژمێری بایۆلۆجی ڕۆژانە دەکەنە ئامانج بۆ بەرزکردنەوەی بەرگریی لەش لەدژی هەوکردن.