چین بەچەکێکی نوێ وڵاتە ڕۆژئاواییەکان نیگەران دەکات

هەمەڕەنگ

07/06/2025‌ 2925 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چین لەمدواییانەدا پەرەسەندنێکی تەکنەلۆژی بەرچاوی ڕاگەیاند کە دەتوانێت پێشبڕکێی جیهانیی چەک دوبارە لەقاڵب بداتەوەو کاریگەریی سیستەمی بەرگریی موشەکی ئەمریکا کە بە"گۆڵد دۆم" ناسراوەو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە دەستیپێکردوە، لاوازبکات.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی "Scenari Economici"ی ئیتاڵی،  چین چەکێکی شەبەحیی فرە تارماویی دروستکردوە کە توانای خۆدزینەوەی لەسیستەمی دیاریکردنی گەرمیی‌و ڕاداری هەیە.

ئەم دەستکەوتە تەکنەلۆژییە لەلایەن تیمێکی زانایانی زانکۆی چینگیانگ پەرەی پێدراوە.

ئەم چەکە نوێیە توانای ئەوەی هەیە خۆی لەچەندین جۆری درێژی شەپۆل بدزێتەوە، لەوانە تیشکی ژێر سورو شەپۆلی کورت‌و شەپۆلی درێژو تەنانەت لەپلەی گەرمی تا 700 پلەی سەدیش کاریگەری خۆی دەپارێزێت.

هەروەک، تایبەتمەندیی ئەوەی هەیە کە توانایەکی بەرزی هەیە لەکەمکردنەوەی گەرمییدا، بەشێوەیەک پلەی گەرمیی ڕوەکەی بە 72.4 پلەی سەدی فێنکتر دەمێنێتەوە کاتێک بەخێرایی دوو هێندەی خێرایی دەنگ زیاتر دەفڕێت، ئەمەش وایکردوە کە گونجاوبێت بۆ موشەک‌و فڕۆکەی خێرا.

ڕاپۆرتەکە بەو ئەنجامە گەیشتوە کە ئەم پێشهاتە گوزارشتە لەوەی تەنها دەستکەوتێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ڕکابەریی جیۆپۆلەتیکی نێوان واشنتۆن‌و پەکینە کە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی سەربازیی‌و ئابوریی جیهانیی هەبێت.