عێراق یەکەم وەجبەی فڕۆکەی کاڕاکاڵی فەرەنسیی بەدەستگەیشت

عیراق

11/06/2025‌ 2819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، یەکەم وەجبەی فڕۆکەی هێلیکۆپتەری "کاڕاکاڵ"ی فەرەنسیی بەدەستگەیشتوە کە پێشتر لەگەڵ فەرەنسا واژۆی لەسەرکردبوو.


وەزارەتی بەرگریی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، وەجبەی یەکەم لەدوو فڕۆکە پێکدێت‌و بەدرێژایی ئەمساڵ‌و ساڵی داهاتوو فڕۆکەکانی تریش دەگەنە عێراق.

پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوەکردبوو، فڕۆکەی کاراکاڵ "یەکێکن لەباشترین فڕۆکە جەنگییەکانی جیهان، تێکەلکردنیان بەسیستەمی بەرگریی سوپای عێراق توانای هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە، بەوپێیەی دەتوانن چەندین ئەرکی جۆراوجۆر لەبارودۆخی کەشوهەوای سەختدا ئەنجامبدەن‌و بەلێهاتوییەکی زۆرەوە توانای ئەنجامدانی ئەرکە جەنگییەکانیان هەیە".

لەبەیاننامەکەدا هاتوە، وەزارەتی بەرگریی بەردەوامە لەستراتیژی مۆدێرنکردنی سیستەمی سەربازیی لەڕێگەی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی جۆربەجۆر لەسەرتاسەری جیهان بۆ دابینکردنی نوێترین چەک‌و تەکنەلۆژیای سەربازیی بە هێزە چەکدارەکانی عێراق.

ئاکۆ عەبدوڵڵا