داهاتى ده‌روازه‌ سنوریه‌كان بەڕێژەی 200% زیادیكردوە

عیراق

11/06/2025‌ 2453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى ده‌روازه‌كانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "کۆی داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ، یەک ترلیۆن دیناری تێپەڕاندوە".


عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق قسه‌یكردوه‌و وتویه‌تى، "دەروازە سنورییەكان‌و گومرگ‌و بەڕێوەبەرایەتییەکانیان، زیادبونێكی بەرچاویان لەڕێژەی داهاتی گومرگی بەخۆوە بینیوە، مانگی ئایارى ئەمساڵ داهات گەیشتوەتە 274 ملیار دینار".

وتوشیه‌تى، "کۆی داهاتەکانی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ یەک ترلیۆن دیناری تێپەڕاندوە كە بەراورد بەپێنج مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، زیادبونێکی بەرچاو دەبینین، بەجۆرێك داهاتەکانی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو 700 ملیار دینار بوە، لەکاتێکدا لەساڵی 2023دا نزیکەی 300 ملیار دیناربوە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، "گەیشتن بەیەک ترلیۆن دیناری عێراقی لەپێنج مانگی یەکەمدا، لەچوارچێوەی ستراتیژی زیادكردنی داهاتدا دێت، لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی حکومەت‌و ڕێکارەکانی چاودێری ئەلیكترۆنی لەدەروازەكان".