بە بڕیارێک، ئاکەپە ئایین بە پێی خواستى دەسەڵات لێکدەداتەوە

توێژینەوە و شیکاریی

11/06/2025‌ 274 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
یاسا نوێیەکەی تورکیا کە لە 4ی حوزەیرانی 2025 دەرچووە، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا سەبارەت بە فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئایینی (دیانێت) بەتایبەتی سەبارەت بە کۆکردنەوە و وەرگێڕانی قورئان و بەڕێوەبردنی چالاکییە ئاینییەکان لە قوتابخانە و ناوەندە تەندروستییەکان و دابینکردنی ڕاوێژکاری ئاینیی. ئەم نوسینە هەوڵ دەدات دەقە یاساییە نوێیەکان و پاشخانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گونجانیان لەگەڵ بنەما دەستوورییەکانی تورکیا، بەتایبەتی پرەنسیپی عەلمانیەت شیبکاتەوە، هەروەها باس لەو نیگەرانیانە دەکات کە لەلایەن ئەکادیمییەکان و یاساناسانەوە وروژێنراون سەبارەت بەو شتەی کە وەک فراوانکردنی چاودێری ئایینی هەست پێدەکرێت.
پێشەکی
لە ساڵانی ڕابردوودا تورکیا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەتدا بەخۆیەوە بینیوە، دامەزراوەی دیانێت لە دەزگایەکی ڕاوێژکاری ئایینیەوە گۆڕا بۆ کارەکتەرێکی ناوەندی لە کایەی گشتیدا. یاسا نوێیەکە ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکە بەرەو فراوانکردنی کاریگەریی دیانێت لە ژیانی ڕۆژانەدا، لەژێر چەتری ڕێکخستنی بابەتە عەقیدەییەکان، زیندووکردنەوەی مشتومڕ لەسەر سنووری جیاکردنەوەی ئایین و سیاسەت لە تورکیا.
یەکەم: پاشخانی دەستووری و دامەزراوەیی دیانێت
دیانێت لە ساڵی ١٩٢٤ دوای هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی دامەزرا، وەک دەزگایەکی ئایینی بە ئامانجی ڕێکخستنی کاروباری ئاینیی لەناو دەوڵەتی کۆماری نوێدا. بەپێی ماددەی ١٣٦ی دەستووری تورکیا، دیانێت دەبێت لەسەر بنەمای بێلایەنی سیاسی کار بکات و ملکەچی پرەنسیپی عەلمانیەت بێت. بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییە، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کە دیانێت ڕاستەوخۆ ملکەچی سەرۆکایەتی کۆمار بوو، ئەم جیاکارییەى نەهێشت.
دووەم: لایەنە سەرەکییەکانی یاسای نوێ (٢٠٢٥)
1.    دەسەڵاتە نوێیەکانی دیانێت:
‌أ.     پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری ئاینیی لە قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، زیندانەکان و ناوەندەکانی گەنجان.
‌ب.   دامەزراندنی ناوەندی ڕاوێژکاری ئایینی و خێزانی لە ژێر ئیدارەی دیانێتدا.
‌ج.    بەکارهێنانی میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی بیری ئایینی فەرمی.
2.    سانسۆرکردنى وەرگێڕانەکانی قورئان و دەقە ئاینیەکان:
‌أ.     پێکهێنانی ئەنجومەنی پێداچوونەوە بە دەق و خوێندنەوەکانی قورئان بۆ پێداچوونەوە و پێدانی مۆڵەت بۆ چاپکردن یان بڵاوکردنەوەی دەقە قورئانییەکان و وەرگێڕانەکانیان.
‌ب.   ئەگەر وەرگێڕانێک بە نەگونجاو دابنرێت، بڵاوکردنەوەکە دەوەستێت و نوسخە چاپکراوەکان بە مۆڵەتی دادوەر دەکێشرێنەوە.
‌ج.    ئەگەری داخستنی ئەو ماڵپەڕانەی کە ئەم وەرگێڕانە بڵاودەکەنەوە.
3.    بەدامەزراوەییکردنی سانسۆر:
أ‌.     هەرچەندە دەسەڵاتی سڕینەوە یان لەناوبردنی بەرهەمەکان ڕاستەوخۆ بە دیانێت نادرێت، بەڵام بە کردەوە مافی ئەوەی هەیە داوای پشکنین بکات و دواتر لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕێوشوێن بگرێتەبەر.
ب‌.   تەنها ماوەی دوو هەفتەی تانەدان دەدرێت بە بڕیارەکانی ڕێگرى کردن لە بەڵاوبوونەوەى کارەکان.
سێیەم: خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە – یاسا لەنێوان ئایین و سیاسەت
1.    دووبارە داڕشتنەوەی فەزای ئایینی گشتی: یاسا نوێیەکە قۆرخکاریی دیانێت بەسەر تێگەیشتنی فەرمی لە ئیسلام لە تورکیادا بەهێز دەکات و فرەیی لێکدانەوە و فیکری لاواز دەکات، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی سەرهەڵدانی بزووتنەوە چاکسازیخواز و ڕەخنەگرەکان لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیی تورکیا (وەک وەرگێڕانەکانی ئیحسان ئیلی ئاچیک یان مستەفا ئیسلامئۆغڵو).
2.    کۆنترۆڵی بیرۆکراتی- ئایدیۆلۆژی: یاساکە نیشانەکانی هەژموونی سیاسەتێکی ناڕوون ئاشکرا دەکات، لەبەر ئەوەى دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دیانێت وەک باڵێکى کولتووری-ئایدیۆلۆژی بەکاردەهێنێت بۆ سەپاندنی گوێڕایەڵی ئایینی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
3.    نیگەرانی لە ئازادی ڕادەربڕین و توێژینەوەی زانستی: دیارترین ناڕەزاییەکان لەنێو مامۆستایانی ئیلاهیاتدا دەرکەوت کە پێیان وایە ئەم یاسایانە "دادگاى پشکنینی ئایینی" دادەمەزرێننەوە، ئازادی توێژەران و وەرگێڕان و بڵاوکەرەوەکان بەرتەسک دەکەنەوە، بەمەش فرەچەشنی تێگەیشتن لە ئیسلام تێکدەدەن.
چوارەم: زەمینەی سیاسی – بۆچی لەئێستادا؟
1.    فشاری هەڵبژاردن و پۆپۆلیزمی ئایینی: لەگەڵ داکشانى جەماوەری پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، پێدەچێت حکومەت هەوڵی بەهێزکردنی بنکە جەماوەرییەکەى بدات لەڕێگەی بەکارهێنانەوەى ئایین، لەدامەزراوە دەوڵەتییەکانی وەک دیانێت، بۆ ڕازیکردنى کۆنەپارێزەکان.
2.    ستراتیژی ئەردۆغان: دوای لاوازکردنى ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی و لاوازکردنى هەژمونى ئۆپۆزسیۆن لە میدیا و دەسەڵاتی دادوەریدا، ئێستا وا دیارە شەڕەکە گوازراوەتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئایین و لێکدانەوەی ئایینی.
3.    ڕۆڵی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە): مەهەپە لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆغان پشتیوانی ئەم یاسایانە دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی شوناسێکی یەکگرتووی نەتەوەیی – ئایینی کە ئیسلامی سوننە وەک پێکهاتەیەکی ناوەندی شوناسی نەتەوەیی تەماشا دەکات.

پێنجەم: بۆچوونی زانایان و بیرمەندانی تورک: دەرکردنی یاساکە ڕەخنەی توندى لێکەوتەوە لە ناو کۆمەڵگەی ئەکادیمی و ئایینی تورکیادا:
1.    ئیحسان عەلی ئاچیک، نووسەر و بیرمەندی ئیسلامی، ئەو یاسایەی بە یاسای پشکنینی بیروباوەڕ وەسف کرد، کە دەرچووە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دیانێت بەسەر هزری ئایینیدا.
2.    پرۆفیسۆر مستەفا ئۆزتورک بە ئاشکرا یاساکەی ڕەتکردەوە و وتی "وەرگێڕانی خۆم دەسوتێنم و ڕێگە بە دەوڵەت نادەم ئەو کارە بکات"، ئاماژەی بە ڕەتکردنەوەی سەرپەرشتی فیکری کرد.
3.    مستەفا ئیسلامئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، "بە سەپاندنی دەسەڵاتی یاسایی بەسەر لێکدانەوەیەک و نەهێشتنی ئەوانی تر، سووکایەتیکردنە بە سرووش و عەقڵ".
4.    سۆنمێز کوتلو هۆشداریدا لەوەی کە دیانێت خەریکە دەبێتە ئامێرێکی سانسۆری ئایینی کە کاریگەریەکەی درێژدەبێتەوە بۆ هەموو بەرهەمەکانى فیکری ئایینی و هەڕەشە لە ئازادیی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی دەکات و چەمکی "عەلمانیەت" لە ماناکەی بەتاڵ دەکاتەوە.
5.    ئاکین قەرەدەنیز، سەرۆکی دەزگای تورک-ئیسلام، ئەو یاسایەی بە "پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی باوەڕ و مافی تاکەکان بۆ لێکدانەوەی دەقە پیرۆزەکان" وەسف کرد.
ئەم بۆچوونانە وێنەیەکی ڕوون دەخەنە ڕوو: نیگەرانییەکی بەرفراوان هەیە کە دەوڵەت خەریکە قۆرخکاریی لێکدانەوەی دەقە ئایینییەکان دەکات لە پێناو مانەوەى لە دەسەڵاتدا.
شەشەم: دەرئەنجامە ئەگەرییەکان:
1.    لاوازکردنی پەروەردەی ئایینی فرەیی.
2.    ئەگەری سانسۆرکردنی کتێب و بڵاوکراوە ئاینییە سەربەخۆکان.
3.    گۆڕینی دیانێت بۆ ئامێرێکی سانسۆری فیکری/سیاسی.
4.    پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نوخبە ئەکادیمی و فیقهییەکان.
ئەنجام
یاسا نوێیەکە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە کارکردی دامەزراوەی دیانێتدا، لە ئۆرگانێکی ڕێنماییەوە بۆ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردن و لێکدانەوە. لە کاتێکدا یاساکە لە ڕووکەشدا وەک دووبارە ڕێکخستنەوەى کارەکان دەردەکەوێت، بەڵام بەکارهێنانی دیانێت وەک ئامرازێک بۆ سانسۆرکردنی فیکری و کۆنترۆڵکردنی ناوەڕۆکی ئایینی هەنگاوێکە بۆ گۆڕینی ئایینی فەرمی بۆ ئامرازێکی سیاسی. ئەم پێشهاتانە پێویستیان بە چاودێری کۆمەڵایەتی و مشتومڕی گشتی هەیە سەبارەت بە داهاتووی عەلمانیەت و ئازادی بیروباوەڕ لە تورکیای مۆدێرندا.