شارپرێس:
حزبە سیاسییەکانی بەغدا حکومەتیان تۆمەتبارکردوە بەوەی ڕەنگە ئەرشیفی هەواڵگریی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوی سوریا، بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا، کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بکرێت، بەکاربهێنێت.
ئەو تۆمەتانە، دوای سەردانەکەی عیزەت شابەندەر نێردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دیمەشقو دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا هاتە ئاراوە.
سەرچاوە حکومەتییەکانی عێراق، پێداگریی لەسەر ئەوەدەکەن، سەردانەکە لەچوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکاندا بوە.
لەوبارەوە پەرلەمانتار یوسف کیلابی دهڵێت، "عزەت شابەندەر ئەرشیفی دەزگای هەواڵگری پێشوی سوریای لەدیمەشق وەرگرتوە تا وەک چەکێک لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەکاربهێنرێت".
هاوپەیمانی (ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان) بەسەرۆکایەتیی سودانی، ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن، سودانی ئەرشیفی هەواڵگریی سوریاى وەرگرتبێتو دواتریش وەک ئامرازێکی هەڵمەتی بانگەشە دژ بەنەیارانی سیاسیی خۆی، بەکاریبهێنێت.
دوێنێ چوارشەممە، عەبدولهادی سەعداوی سەرکردە لەهاوپەیمانیەکەى سودانى لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی بڵاوكردهوهو وتى:"سەرۆک وەزیران پێویستی بەو جۆرە تاکتیکانە نییە، چونکە جەماوەری زیادیکردوەو لەلای زۆرینەی کوتلە سیاسییەکانیش قبوڵکراوە".
