كه‌تائیبى سه‌ید شوهه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ى ناردنى سه‌دان خۆكوژ بۆسه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌كات

عیراق

12/06/2025‌ 14343 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی کەتایب سەیدولشوهەدا هەڕەشەی ناردنی سەدان خۆکوژ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات، ئەگەر شەڕ لەدژی ئێران هەڵبگیرسێنێت.


ئەبو ئالا وەلائی پۆستێکی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوەو نوسیویەتی، "ئەگەر شەڕ هەڵگیرسێت، سەدان خۆکوژ ئامادەن، ئەمریکای خۆبەزلزانیش جارێکی دیکە زەلیل دەبێتەوە، هەروەک چۆن یەکەمجار لەعێراق ڕویدا، بەزەلیلی‌و بێهیوایی گەڕایەوە".

ئەمینداری گشتیی ئەو گروپە چەکدارییەی لایەنگری ئێران، ئاماژەی بەوەشکردوه‌، "ئەمجارە نە ئەمریکاو نە بریکارەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نامێننەوە، هەروەها ئەوانەش دەڕوخێن کە پارێزگاری لەداگیرکاریی دەکەن".

ئەم قسانەی وەلائی لەکاتێکدایە، گرژیی‌و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پەرەیسەندوە، دوای لێدوانەکانی عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران کە تێیدا هەڕەشەی ئەوەیکردبوو وڵاتەکەی "لەئەگەری سەرهەڵدانی ململانێ لەگەڵ واشنتۆن لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان، هێرشدەکەنەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا".

سەرچاوەیەکیش لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەکە لەترسی هێرشە سەربازییەکان ئامادەکاریی بۆ چۆڵکردن دەکات، هەروەها کارمەندانیشی بەدوو قۆناغ کەمدەکاتەوە.

سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ باسیان له‌وه‌كردوه‌، مەترسی جدی لەسەر باڵیۆزخانەکە هەبوە، ئەمریکا چەندینجار هۆشداریی بەگروپە چەکدارەکاندابوو، ئەگەر هێرشبکەنەسەر باڵیۆزخانەکە ئەوا کاردانەوەی سەربازییان دەبێت.

لاى خۆیشیه‌وه‌ سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وتویه‌تى، "بەفەرمی لەبارەی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا، ئاگادارنەکراوینەتەوەو هیچ زانیارییەکیشمان پێنەدراوە".

ئامادەکارییەکان بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکە لەکاتێکدایە، مەترسی شکستهێنانی گفتوگۆکانی ئێران‌و ئەمریکا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی هەیە.

پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، ڕێگە بەڕۆیشتنی خۆبەخشانەی ئەو سەربازانە دەدەن کە لەبنکەو ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون.

پێشتر، وەزیری بەرگریی ئێران هەڕەشەی پەلاماردانی بنکەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لەناوچەکە کرد، ئەگەربێت‌و ئەمریکا هێرشیانبکاتەسەر.