شارپرێس:
سه‌رچاوه به‌رپرسه‌كانى عێراق ئاشكرایانكردوه، چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كى ئه‌مریكى له‌نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا، له‌بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌مریكا نیشتونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌فده دیپلۆماتكاره‌كان بگه‌ڕێننه‌وه ئه‌مریكا.
ڕۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌ت بڵاویكردوه‌ته‌وه، دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ، چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كى ئه‌مریكى له‌سه‌ربازگه‌ى ڤیكتۆریا له‌نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا نیشتونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ كشاندنه‌وه‌ى وه‌فده دیپلۆماتكاره‌كان‌و فه‌رمانبه‌رانى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌به‌غدا.
شه‌وى ڕابردوو هه‌ریه‌كه له‌وه‌زاره‌تى به‌رگریى‌و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، بڕیارى كشانه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكار‌و ته‌واوى خێزانى سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كانیان له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكاش له‌به‌غدا ئه‌مڕۆ هۆشدارییه‌كى توندیداوه له‌وه‌ى نابێت هیچ ئه‌مریكییه‌ك گه‌شت بۆ عێراق بكات.
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌باره‌ى بڕیارى كشاندنه‌وه‌ى ئه‌مریكییه‌كان وتویه‌تى، "له‌سایه‌ى گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست شوێنێكى مه‌ترسیداره".