شارپرێس- دێرەلۆک
دوای شەش رۆژ لە خنکانی منداڵێک لە دێرەلۆک هێشتا تەرمەکەی نەدوزراوەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئامێدی رێگری لە تیمی ژێردەریاییەکانی سلێمانی- دەربەندیخان دەکات.
رۆژی هەینی رابردوو لەکاتی گەشتدا منداڵێکی حەوت ساڵان بەناوی ئارڤان سیهاد ئۆسمان، خەڵکی دێرەلۆکی سەر بە ئامێدی لە رووباری ئاڤا شیندا خنکا، تا ئێستا تەرمەکەی نە دوزراوەتەوە.
کەسوکاری ئارڤان، بە شارپرێسیان راگەیاند: بۆدوزینەوەی تەرمی منداڵەکەیان تیمێکی خۆبەخشی ژێردەریاییەکان لە دەربەندیخان و سلێمانی هاتوونەتە دێرەلۆک و لەسەر ئەرکی خۆیان وەک کارێکی مرۆڤایەتی بەدوای تەڕمه کوڕەکەیان دەگەڕێن، بەڵام ئەوەی سەیر و جێگای داخە دەسەڵاتدارانی ئامێدی دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکەیان بە سیاسی کردووە و رێگری لە ژێردەریاییەکانی سلێمانی و دەربەندیخان دەکەن.
کەسوکارەکەی ئارڤان ئاماژەیان بەوەش کرد:"بێجگە لەوەی ئۆکسجین بۆ ئەو تیمە پەیداناکرێت، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە رێگای بەرگری شارستانی دهۆکەوە ڕێگری لە ئەرکی ژێردەریاییەکان دەکەن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە، چونکە ئەو تیمە لە سلێمانیەوە هاتووە و نابێت لە سنوری پارتی کاربکەن وەک ئەوەی شەڕی زۆنی سەوز و زەرد بێت لەسەر دەستکەوتێکی سیاسی".
