ئێران كوژرانى دوو ژه‌نه‌راڵى دیكه‌ى وڵاته‌كه‌ى ئاشكراده‌كات

جیهان

14/06/2025‌ 8446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، دوو لەفەرماندە باڵاکانی دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان لەهێرشه‌كانى ئیسرائیلدا کوژران.


تەلەفزیۆنەکە ئاشکراشیکردوە، عەمید غوڵام ڕەزا میحرابی بەرپرسی کاروباری هەواڵگریی لەدەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان‌و ژەنەراڵ مه‌هدی ڕەبانی جێگری ئۆپه‌راسیۆنەکانی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەهێرشه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوى ئیسرائیلدا کوژراون.

بەرەبەیانی دوێنێ هەینی گرژییەکانی نێوان تاران‌و تەلئەبیب گەیشتنە قۆناغێکی نوێ‌و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بەزیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا، چەندین هێرشی ئاسمانیکردەسەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیژی لەنێو خاکی ئێراندا.

ئیسرائیل لەهێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆو ئەسفەهانی کردە ئامانج‌و بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتوە، بەگوێره‌ى میدیای  ئێرانی-ش، لەهێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.

هەر به‌گوێره‌ى میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لەباڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتوە، لەنێویاندا محەممەد باقری سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان‌و حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.

 باڵیۆزی ئێران لەنەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند، لەئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون‌و 320ی دیکەش برینداربون.