ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشكردنه‌سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانى ئه‌مریكا ده‌كات

جیهان

14/06/2025‌ 6356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایدەگەیەنێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە بۆسەر ئیسرائیل بەردەوامدەبن؛ تەنانەت بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش دەکەنە ئامانج.


بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بەتۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی وتوه‌، "هێرشەکانمان بۆسەر ئیسرائیل چڕتردەکەینەوە، سیستەمی بەرگریی هەر وڵاتێکیش تێکدەشکێنین کە دەیەوێت لەڕێگەی ئاسمانەوە بەرگریی لەئیسرائیل بکات".

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران باسی لەوەشکردوە "ئەوەی ئێران دەیکات یەکانگیرە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان، چونکە بەرگریی لەخۆی دەکات دژی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی ئیسرائیل کردویەتیە سەری".

بەرپرسێکی دیکەی باڵای سوپای پاسداران بەئاژانسی فارسی ئەو وڵاتەی وتوه‌، هێرشەکانی ئێران لەچەند ڕۆژی داهاتودا لەدژی ئیسرائیل بەرفراوانتر دەبن، هەروەها بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش لەناوچەکە، دەکەنە ئامانج.