ئیسرائیل هێرشیكرده‌سه‌ر پاڵاوگه‌و دامه‌زراوه‌كانى سوته‌مه‌نى له‌ئێران

جیهان

14/06/2025‌ 20096 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی نوێیان کردوەتەسەر وڵاتەکە.


بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فارسی ئێرانی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ژمارەیەک بنکەی سەربازیی‌و ژێرخانی نەوت‌و گازیان لەتارانی پایتەخت‌و پارێزگاکانی خوره‌م ئاباد، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئەسفەهان‌و کرماشان کردوەتە ئامانج.

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازیی‌و ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوامدەبن‌و بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادەن ئێران ببێتەوە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی.

ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێران بڵاویکردوەتەوە، لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا، پاڵاوگەی تەبرێز لەپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کراوەتە ئامانج.

هاوکات یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری هەمەدانیش وتویه‌تى، "بەیانیی ئەمڕۆ شەممە لەهێرشێکی ئیسرائیلدا دوو کەس لەکارمەندانی فریاگوزاریی کوژران‌و پێنج کەسی دیکەش برینداربون".

بەرەبەیانی دوێنێ هەینی گرژییەکانی نێوان تاران‌و تەلئەبیب گەیشتنە قۆناغێکی نوێ‌و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بەزیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا چەندین هێرشی ئاسمانیکردەسەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیژی لەناو خاکی ئێراندا.

ئیسرائیل لەهێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆو ئەسفەهانی کردە ئامانج‌و بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتوە، بەگوێره‌ى میدیای ئێرانی، لەهێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانیش کوژراون.