ئامانجی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كرێت

جیهان

14/06/2025‌ 6476 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز لەشیکارییەکدا باسی لەوەکردوە، ئامانجی ڕونی هێرشە لەناکاوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پەکخستنی بەرچاوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران‌و درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە بوە کە تاران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی پێویستی پێیەتی.


ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، مەودای هێرشەکان‌و ئەو ئامانجانەی ئیسرائیل هەڵیبژاردوەو لێدوانی سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل، ئاماژە بەئامانجێکی درێژخایەن دەکەن کە هاوکات "ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانە".

بەگوێرەی شیکاریی پسپۆڕان، هێرشەکانی ڕۆژی هەینی نەک تەنها دامەزراوە ئەتۆمییەکان‌و کارگەکانی موشەکی ئێران، بەڵکو کەسایەتییە سەرەکییەکانی زنجیرە فەرماندەیی سەربازیی ئێران‌و زانایانی ئەتۆمیشیان کردە ئامانج.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پێدەچێت ئەم  هێرشانە بەئامانجی تێکدانی پێگەی ئێران لەئاستی ناوخۆیی‌و ناوچەییدا بێت، ئەو هۆکارانەش دەتوانن ببنە هۆی "ناسەقامگیریی سەرکردایەتیی لەناو دەسەڵاتی ئێستای ئێران".