ئێران چۆن سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە پێشکەوتوەکانی ئیسرائیل دەبەزێنێت؟

جیهان

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرەڕای زۆری شیکارییەکان لەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، بەلای چاودێرانەوە پرسیارێک هەیە ئەویش ئەوەیە: ئێران چۆن سەرکەوتوو بوو لەبڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئاڵۆزی ئیسرائیل‌و ئەنجامدانی هێرشی کاریگەر لەقوڵایی خاکی ئیسرائیل؟


بۆ تێگەیشتن لەسروشتی هێرشی ئێران، گرنگە ئەو چەکە سەرەکییە لەبەرچاو بگرین کە تاران لەم ئۆپەراسیۆنەدا پشتی پێبەستوە: موشەکی بالیستیی.

موشەکی بالیستی بەو موشەکانە پێناسە دەکرێن کە ڕێڕەوێکی کێشراوو هاوشێوەی کەوانەیی پەیڕەو دەکەن، لەساتەوەختی هەڵدانیانەوە تا دەگەنە ئامانجەکەیان دیاریدەکرێت.

موشەکەکە بەبەکارهێنانی بزوێنەرێک دەست بەهەڵدانی دەکات کە دەیباتە بەرگەهەوای سەرەوە یان تەنانەت بۆشایی ئاسمان، پاشان لەدەرەوەی بەرگەهەوا بەهێڵێکی کێشراو درێژە بەڕێڕەوی خۆی دەدات پێشئەوەی بەهۆی هێزی کێشکردنەوە بکەوێتەوەسەر زەوی.

ئەم موشەکانە چەند خەسڵەتێکیان هەیە کە وایان لێدەکات ببێتە چەکێکی سەرەکیی بۆ زۆرێک لەسوپاکان لەوانەش سوپای ئێران.

ئەو موشەکانە توانای گەیشتن بەخێرایی بەرزیان هەیە، ئەمەش تایبەتمەندییەکانیان پێدەبەخشێت لەدەستپێکردنی هێرشی لەناکاوداو مەوداکانیان جیاوازە، لەکەمتر لەهەزار کیلۆمەترەوە تا موشەکە کیشوەربڕەکان کە زیاتر لە 11 هەزار یان تەنانەت 12 هەزار کیلۆمەتر.

هەرچەند داتای فەرمیی ورد لەسەر قەبارەی جبەخانەی ئێران لەم موشەکانە لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەوە زانراوە کە ئێران هەوڵی بەرچاوی بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکی بالیستیکی خۆی تەرخانکردوە، بەتایبەتیی لەماوەی دەیەی ڕابردودا، بەشێوەیەک گرنگی بەباشترکردنی وردی پێکانەکان داوە، کە توخمێکی گرنگە لەکاریگەریی ئەمجۆرە چەکەدا.

هەندێک مۆدێلی پێشکەوتوی موشەکی ئێرانی بریتین لە:
فاتح-313: موشەکێکی بالیستیکی مەودای کورتە (نزیکەی 500 کیلۆمەتر) کە سیستەمێکی ڕێنماییکردنی ئینسێریاڵی تەیارکراوە، لەوانەیە بەڕێنمایی مانگی دەستکردیش پشتگیریی بکرێت، ئەمەش توانایەکی بەرزی پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی بەوردی ئامانجەکان بپێکێت.

قائیم 1: سیستەمێکی ڕێنمایی دوانە بەکاردەهێنێت کە ڕێنمایی ئینسێریال‌و تێرمیناڵ تێکەڵ دەکات، وردییەکەی بەرزدەکاتەوەو کاریگەرتر دەکات لەلێدانی ئامانجە تایبەتەکان.

هەروەها ئێران پەرەپێدانی موشەکی سوتەمەنی ڕەقی لەپێشینەی پڕۆژەکانی داناوە کە ئامادەکاریی‌و هەڵدانی خێراترە لەموشەکی سوتەمەنی شل.

ئەمجۆرە سوتەمەنییە گونجاوترە بۆ ئۆپەراسیۆنە خێراو سەرسوڕهێنەرەکان، بەجۆرێک ڕێگە بەئامادەیی خێراترو سەقامگیری زیاتر دەدات، ئەمەش وایکردوە ببێتە هەڵبژاردەیەکی نمونەیی بۆ موشەکی دورمەوداو کیشوەربڕەکان کە وردپێکی‌و متمانەپێکردن لەپێش هەموو شتێکەوەیە.

بەڵام سەرەڕای ئەم توانا پێشکەوتوانە، خاوەندارێتی موشەکی وردو دورمەودا بەس نییە بۆ ئەوەی بچێتە ناو سیستەمێکی بەرگریی ئاڵۆزی وەک ئیسرائیلەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا سیستەمی وەک THAAD کە یەکێکە لەپێشکەوتوترین سیستەمەکانی بەرگری موشەکی لەجیهاندا بۆ دابینکرد.

 پێدەچێت ئێران بەشێوەیەکی ڕێژەیی سەرکەوتوبوبێت لەتێپەڕاندنی ئەو سیستەمە پێشکەوتوانە، ئەمەش پرسیاری قوڵی لەبارەی تاکتیکەکانی لەئەنجامدانی ئەم هێرشەو هەماهەنگیی توانا تەکنیکی‌و ئۆپەراسیۆنەکانیدا دروستکردوە.