بۆچی خێرایی تێکشکانی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران ترسی لای ڕوسیا دروستکردوە؟

جیهان

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران نیگەرانییەکی بەرچاوی لەبازنە سەربازییەکانی ڕوسیادا دروستکردوە، ئەمەش بەهۆی لێکچونە زۆرەکان لەنێوان لاوازیی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران‌و لەرزۆکی ئەدای سیستەمەکانی ڕوسیا لەئۆکرانیا.


هێرشەکانی ئیسرائیل لەقوڵایی ناو ئێران‌و پێکانی  شوێنە هەستیارەکانیان بەبێ بەرگریی بەرچاوی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران رویدا، ئەمەش وایکرد، شرۆڤەکارانی ڕوسیا لەکاریگەریی بەرگرییەکانیان لەبەرامبەر هێرشێکی هاوئاهەنگی ڕۆژئاوایی بخەنە ژێر پرسیارەوە.

شیکارییەکانی ڕوسیا ئاماژە بەوەدەکەن، ئێران کە پشت بەسیستەمگەلێکی بەرگریی دەبەستێت کە بەبەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای ڕوسی پەرەی پێدراوە، تەنانەت دوای دوو ڕۆژ لەهێرشەکانیش نەیتوانیوە هێرشەکە بەرپەرچ بداتەوە.

ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ شکستی ڕوسیا لەبەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا بەبەکارهێنانی چەکی کەم تێچوی وەک HIMARS multiple launcher و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

هەرچەندە ئیسرائیل تەکنەلۆژیای پێشکەوتوتری بەکارهێناوە، بەڵام ئەنجامەکەی وەک یەکە: چونە ناوەوەی ئاسان بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بەسەرچوو و نامۆدێرن.

داتاکانی گروپی ئۆریکس ئەم نیگەرانیانە پشتڕاستدەکەنەوە، چونکە ڕوسیا لەسەرەتای داگیرکردنی ئۆکرانیا زیاتر لە335 سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەدەستداوە، لەنێویاندا سیستەمە پێشکەوتوەکانی وەک ئێس 400 تۆرو پانتسیر.

شەڕەکە دەریخستوە کە ئەم سیستەمە سەرەڕای پڕوپاگەندەی زۆری مۆسکۆ بۆیان، توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشی بەردەوام‌و وردیان نییە.

لەژێر ڕۆشنایی شکستی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران، مۆسکۆ پێیوایە، ژێرخانی بەرگریی خۆی ئەگەر هێرشی ڕۆژئاوای لێبکرێت، ڕوبەڕوی هەمان چارەنوس دەبێتەوە.

بۆیە چاودێران پێیانوایە، پێویستە دوکتۆرینی بەرگریی ڕوسیا پێداچونەوەی پێدابکرێتەوەو سیستەمەکانی مۆدێرن بکرێت، ئەگەرنا ڕوسیا دەتوانێت ببێتە ئامانجی داهاتوو لەتاقیکردنەوەیەکی توندی توانا سەربازییەکانیدا.