شارپرێس:
دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ کە دەکەوێتە نزیک شاری قومی ئێران، بەیەکێک لەنهێنیترینو قایمترین دامەزراوەکانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دادەنرێت کە بەکاردێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تائاستی بەرزی 60٪، کە بەشێوەیەکی مەترسیدار نزیکە لەو ئاستەی کە بۆ چەکی ئەتۆمی پێویستە، ئەمەش وایکردوە ببێتە ناوەندێکی گرنگ لەهەوڵە ئەتۆمییەکانی ئێراندا.
ئەوەی فۆردۆ لەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی تری ئێران جیادەکاتەوە، پێگە جوگرافییو سەربازییە ناوازەکەیەتی کە لەچوارچێوەی شاخێکی بەردین دروستکراوەو 80 بۆ 100 مەتر لەژێر زەویدایە.
هەروەک بەچەندین چینی کۆنکرێتی بەهێز دەورە دراوە، ئەم قەڵا قوڵە وادەکات کە لەڕوی سەربازییەوە گەیشتن پێی بەئاستەم بێت، وەک لەبەڵگەنامەکانی مۆساد لەساڵی 2018دا ئاشکرابوە دوای ئەوەی دەستی بەسەر ئەرشیفی ئەتۆمی ئێراندا گرتوە.
ئاڵنگاریی گەورەی بەردەم ئیسرائیل ئەوەیە کە چەکی بەردەستی ناتوانن بچنە ناو ئەم قوڵاییە، تەنانەت فڕۆکەی ئەمریکی GBU-57 "MOP" bunker-buster کە دەتوانێت نزیکەی 60 مەتر کۆنکرێت بچێتە ناوەوە، ناتوانێت بگاتە دامەزراوەکە.
جگەلەوەش ئەم بۆمبە تەنها لەلای ئەمریکایەو پێویستی بەفڕۆکەیەکی تایبەتی هەیە بۆ هەڵدانی، ئەویش فڕۆکەی بۆمبهاوێژی شەبەحیی B-2یە، ئەمەش وادەکات هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بەبێ هاوکاریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا نزیک بێت لەمەحاڵ.
هەرچەندە ئیسرائیل لەمدواییانەدا کۆگاکانی سەر ڕوی زەوی لەنزیک فۆردۆی کردە ئامانج، بەڵام ئەم لێدانانە هیچ زیانێکی ڕاستەقینەیان نەبوەو نەیانتوانیوە سەنتەرفیوژەکان لەقوڵایی ناو شوێنەکەدا لەکاربخەن.
بۆیە بژاردەکانی ئیسرائیل لەڕادەبەدەر سنوردارن، یان پشت بەواشنتۆن دەبەستێت بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی ئاسمانیی ستراتیژی ئاڵۆز، یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بەنیشتنەوەی هێزی تایبەت بۆ تێکدانی شوێنەکە لەناوەوە.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕاستیانە، فۆردۆ بوەتە بەهێزترین ناوەندی دەماریی ئەتۆمیی ئێرانو بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکەی بەو مانایەیە کە تاران هێشتا تەنها چەند هەنگاوێکی کەم لەخاوەندارێتی توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دورە.
ئەم واقیعە دوڕیانێکی ستراتیژی بۆ ئیسرائیل دروستدەکات کە خۆی دەبینێتەوە کە بەبێ پشتیوانیو هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکەدا بکات.
