ڕونکردنەوەی دەزگای ئاسایش لەبارەی دەنگۆی بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەکی هەرێمەوە

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 708 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەنگۆی بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما و تەقینەوەی پاشماوەی کۆنی جەنگی، ئەو ئاگرانە کەوتونەتەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، کاتژمێر 2:10ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 15ى 6ى 2025 لەنزیک گوندی(هۆمەرقەوم )، بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر لەپوش و پاوانی ناوچەکە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە و تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنەکە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

ئەوەشیخستەڕوو،" هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر ٢:٣٥ نیوەڕۆ، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لەبناری ( چیای سورێن ) چەند پاشماوەیەکی جەنگی (مین) تەقینەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە ".

دەزگای ئاسایشی هەرێم دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان و ڕونیدەکاتەوە، ئەو هەواڵانەی باس لە بۆردومانکردنی ئەو ناوچەیە دەکەن دورن لە ڕاستیەوە، بەهۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و تەقینەوەی( مین ) هەستیان بە دەنگی تەقینەوە کردوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم باسی لەوەشکرد، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و سەرجەم هێزەئەمنییەکان بەمەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەهەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی ناوچەکە.

 

محەمەد سەردار