هێرشه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران هه‌راى گه‌وره‌ى ناوه‌ته‌وه‌

جیهان

26/06/2025‌ 13569 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت: ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی نەگواستبووەوە کاتێک ئەمریکا هێرشی ئاسمانیکردەسەر هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆو نەتەنەزو ئەسفەهان.


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هێرشی توندیکردەسەر میدیاکانی وڵاته‌كه‌ى دژى ئەو ڕاپۆرتانەی لەهەواڵگریی ئەمریکاوە دزەیان پێکراوەو گومان دەخەنەسەر هێرشە سەربازییەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە وەک پشتیوانییەک بۆ ئیسرائیل، هەرسێ وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆو نەتەنەزو ئەسفەهانی بۆمبارانکرد.

لەوەتەی ئەمریکا بەو هێرشە هاوبەشیی ئیسرائیلی کردوە لەجەنگی بەرامبەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چەندجارێک دوپاتیکردوەتەوەو دەڵێت، "توانیومانە هەرسێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران بەتەواوی خاپور بکەین".

بەڵام شارەزایان پێیانوایە، ئەگەری زۆرە ئێران بەر لەهێرشەکە وێستگەکانی لەو یۆرانیۆمە چۆڵکردبێت کە پێشبینیدەکرێت نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بەڕێژەی لەسەدا 60 پیتێنراو بێت.

پێشتر، کارولین لیڤت وتەبێژی کۆشکی سپی بەتۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندبوو، ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی نییە لەسەرئەوەی ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی بەر لەهێرشەکە گواستبێتەوەو پێیوابوو ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەی باس لەوەدەکەن ئێران یۆرانیۆمەکەی بەر لەهێرشەکەی ئەمریکا گواستبێتەوە، دوورە لە ڕاستی.

وتیشی:"ئەوەی ئێستا لەناوچەکەدا ماوەتەوە، لەژێر دارو پەردووی ڕوخاوی وێستگەکانن کە بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکاوە خاپوربون".

هاوکات، جۆن ڕاتکلیڤ بەڕێوەبەری ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) ڕایگەیاند، "به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی ئاژانسەکە هەیەتی، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زیانی زۆری بەرکەوتوە بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکاوە".

ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرایکردوە، وێستگە ئەتۆمییە وێرانبوەکانی ئێران پێویستییان بەساڵانێک هەیە تا جارێکی دیکە بونیات دەنرێتەوە.

دوێنێ حکومەتی ئێرانیش ڕایگەیاند، "وێستگە ئەتۆمییەکانیان لەماوەی 12 ڕۆژی جەنگیان لەگەڵ ئیسرائیل، زیانی زۆریان بەرکەوتوە".

ڕافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەکەناڵی تەلەفزیۆنی فرانس2ی فەرەنسی ڕاگەیاند، "لەڕۆژانی جەنگەکە، ئاژانسەکەیان نەیتوانیوە چاودێریی بارودۆخی وێستگەکان‌و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان بکات، ناتوانم پێتان بڵێم ئەو یۆرانیۆمە لەناوچووە، یاخود شاردراوەتەوە".

بەپەلە