شارپرێس:
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەماوەی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانیان لەدژی ئێران، کۆماندۆکانی سوپای ئیسرائیل لەناو خاکی ئێراندا ئامادەبونو ئۆپەراسیۆنی تایبەتیان بەڕێوەبردوە.
ئەیال زەمیر ئاشکرایکرد، "ئەو کۆماندۆیانە لەناو قوڵایی خاکی ئێراندا ئۆپەراسیۆنی نهێنییان بەڕێوەبردوەو ئەمەش یارمەتیدەر بوە بۆ ئەوەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بتوانێ کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێران بەدەستەوە بگرێت".
لەپاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل لەدژی ئێران لەڕۆژی 13ی حوزەیرانی 2025، ئەوە یەکەمجارە سوپای ئیسرائیل بەئاشکرا باس لەبونی هێزەکانی خۆی لەناو خاکی ئێراندا دەکات.
هەر لەڕۆژانی سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە، ڕێکخراوی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هێزەکانی مۆسادی لەناو خاکی ئێراندا پێشاندەدا.