شارپرێس:
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی کـۆما جڤاکێن کوردستانێ کەجەکە لەبارەی وردەکاریی کات و شوێنی مەڕاسیمی لەنێوبردنی چەک، لە باشووری کوردستا لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، ڕێوڕەسمی لەنێوبردنی چەک سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ١١ـی تەمووز، کاتژمێر ٨:٠٠ بۆ ٩:٠٠ بەڕێوەدەچێت.
لەڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، شوێنی دیاریکراو ئاشکرا ناکرێت، بەڵام پاس دابینکراوە و هەموو بەشداربوان دەگەیەنێتە شوێنێک نزیک لە شوێنی دیاریکراوی مەڕاسیمەکە.
دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە (هۆتێل ئاشوور) لە شارۆچکەی دوکان ئامادە بن. بەشداربوون پێویست بە هیچ خۆتۆمارکردنێکی پێشوەختە ناکات، بەڵام پێویستە باجی تایبەتی ڕۆژنامەوانیی و ناسنامەتان پێ بێت و خۆتان بناسێنن.
کەجەکە ڕونیکردەوە، لەو شوێنەی ڕۆژنامەنووسانی بۆ دەبرێت بۆ ڕووماڵکردن، مەڕاسیمەکە لە شاشەیەکی گەورەوە نیشان دەدرێت، هەروەها دەتوانن بە خواستی خۆتان دیمەن و دەنگی خامی مەڕاسیمەکە بەدەستبهێنن، ئەو شوێنە کارەبای لێ دەبێت، بە هۆکاری ئەمنیی ناتوانن لێدوان لە ئەندامانی گرووپەکە وەربگرن، بەڵام قسەکردن لەگەڵ چاودێرەکان ئاساییە.
ئ.ه