كۆبونه‌وه‌ى عه‌بدى‌و شه‌رع به‌ئاماده‌بونى فه‌ره‌نساو ئه‌مریكا كۆتاییهات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 18048 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كۆبونه‌وه‌ گرنگه‌كه‌ى مه‌زڵوم عه‌بدى‌و ئه‌حمه‌د شه‌رع له‌دیمه‌شق به‌ئاماده‌بونى نوێنه‌رى ئه‌مریكاو فه‌ره‌نسا كۆتاییهات‌و كه‌مێكى دیكه‌ ڕاگه‌یه‌نراوێك بۆ ڕاى گشتیى بڵاوده‌كرێته‌وه‌.


به‌یانى ئه‌مڕۆ شاندێکی سیاسی‌و سەربازیی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاوە به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌ڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌یه‌ده‌ گەیشتە دیمەشق، بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا، بەسەرپەرشتیی ئەمریکاو فەرەنسا.

په‌یامنێرى شارپرێس له‌ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیى هەسەدەو تۆماس باراک نێردەی ئەمریکا بۆ سوریاو نوێنەرانی حکومەتی فەرەنسا بەشداریی کۆبونەوەکان دەکەن.

ڕۆژی یه‌كی حوزەیران، شاندێکی ئیدارەی خۆسەر گەیشتە دیمەشق بۆ دیدار لەگەڵ شاندێکی حکومەتی سوریا بۆ تاووتوێکردنی بڕگەكانی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدراوە.

کۆبونەوەی شاندی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو حکومەتی سوریا، ئامانجی تەواوکردنی کۆبونەوە سیاسییەکان‌و جێبەجێکردنی بڕگەكانی ڕێککەوتنی (10)ی ئادارى ئه‌مساڵ بوو.

ڕێککەوتنی 10ی ئادار لەنێوان هێزەکانی (هەسەدە)و دیمەشق، ئامانجی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی‌و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەرە لەگەڵ حکومەتی سوریا.

به‌وته‌ى په‌یامنێرى شارپرێس كه‌ زانیاریى له‌سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ستكه‌وتوه‌، ئه‌گه‌رى زۆره‌ ژماره‌یه‌ك بڕگەى ده‌ستورى نوێى سوریاو ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوان شه‌رع‌و عه‌بدى لەسەر داوای هەسەدەو بەڕێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن هەمواربکرێنەوە.

تەلەفزیۆنی سوریا ئاشکرایکردوە، فەرەنسا بەئەمریکای وتوە، ئەوان پاڵپشتیی لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن.

جگە لەڕێککەوتنەکە، بڕیارە نوێنەری ئەمریکا بۆ سوریا، هاوکاریی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و حکومەتی سوریاو هێزەکانی هەسەدە، لەشەڕی دژی داعش لەسوریا تاووتوێبکات.

ئەو ڕێککەوتنەی کە لە 10ی ئادار، لەنێوان شەرع‌و عەبدی واژۆکرا، چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان، یەکخستنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی‌و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەرە بەئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەوانە دەروازە سنورییەکان‌و فڕۆکەخانەو کێڵگە نەوتی‌و گازییەکان.

هەروەها لەڕێککەوتنەکەدا مەرجی ئەوە خراوەتەڕوو، نەتەوەی کورد بە"بەشێکی دانەبڕاو لەسوریا هەژماربکرێت‌و مافە دەستورییەکانی بەتەواوی دەستەبەر بکرێت".

بەپەلە