ئه‌ردۆغان دواى ئۆجه‌لان په‌یامێكى به‌په‌له‌ى بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 16966 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپاش پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "دەیان ساڵە میللەتی ئێمە چاوەڕێی ئاشتییەو دەبێ پرۆسەکە زوو بەرەو پێشبچێت".


عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەساڵی 1999وە لەزیندانی دورگەی ئیمراڵییە، دوای زیاتر له‌26 ساڵ، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە.
 
ئەردۆغان سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان لەکۆبونەوەی گروپی پەرلەمانی پارتەکەیدا لەپەرلەمان وتارێکى پێشکەشکردو ڕایگه‌یاند، "کاتێک دیواری تیرۆر ڕوخێنرا، پشت به‌خوا هەموو شتێک زۆر باشتر دەبێت، براوەکان هەموو وڵاتەکەمان دەبن، کورد، تورک، عەرەب".

سەبارەت بەدیدارەکەى لەگەڵ شاندى ئیمراڵى ئه‌ردۆغان وتى، "ڕۆژی دوشەممە پێشوازیم لەشاندی ده‌م پارتى كرد".

ئه‌وه‌شى وت:"دیدارێکی زۆر بەرهەمدارو بونیادنەرمان لەگەڵ ئەوان ئەنجامدا، ئێمە ئامانجی خۆمان بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر دوپاتکردەوە، ئێمە دەچینە قۆناغێکەوە کە لەڕۆژانی داهاتودا هەواڵی ئەرێنیمان پێدەگات، هیوادارین ئەم پڕۆسە بەختەوەرییە لەزوترینکاتدا بەسەرکەوتویی تەواوبێت، بەبێئەوەی هیچ ڕوداوێک ڕوبدات".

قسەکانی ئەردۆغان لەپاش پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دێت کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە.

پەیامەکەی ئۆجەلان کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی تەمموز بۆ ڕای گشتیی بڵاوکرایەوە، لە 19ی حوزەیرانی 2025 تۆمارکراوە. 
 
ئۆجەلان لەپەیامەکەدا پێداگریی لەسەر بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئەمساڵی دەکاتەوە کە تێدا داوای خۆهەڵوەشاندنەوەو چەکدانانی لەپەکەکە کردو دەڵێ، ئەو بانگەوازەی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی‌و بنیادنانی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی کردوە.

بەپەلە