شارپرێس:
لەبەیاننامەیەکدا حکومەتی سوریا ڕایگەیاند، سوریا یەک وڵاتە و دابەشنەکراوەو هەر پرۆژەیەک پێشێلی سەروەری وڵاتەکە بکات، ڕەتدەکەینەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٩ی تەمموز، حکومەتی سوریا بە ئاماژەدان بەو ڕێککەوتنەی کە بەم دواییە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکرابوو، ڕایگەیاند، پێشوازی لە هەر ڕێگایەک دەکەین کە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بەهێزتر بکات. حکومەت پابەندبوونی پتەوی خۆی بە بنەمای "یەک سوریا، یەک سوپا، یەک حکومەت" و ڕەتکردنەوەی پۆلێنبەندیی خۆی بۆ هەر جۆرە دابەشبوونێک یان فیدراڵیزم دووپاتکردەوە.
حکومەتی سوریا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا سوپاسی هەوڵەکانی ئەمریکای کرد لەپشتیوانیکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات،و بە بەشێک لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە سەقامگیری وڵات و یەکگرتوویی گەلەکەی زانی.
هەروەها هۆشداریدا لەوەی هەر دواکەوتنێک لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان "خزمەتی بەرژەوەندی نیشتمانی ناکات، بەڵکو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و ڕێگری دەکات لە هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکانی سوریا.
لە بەیاننامەکەدا دووپاتی کردەوە کە سوپای سوریا "دامەزراوەی نیشتمانی یەکگرتووە بۆ هەموو هاووڵاتیان"، ئاماژەی بە پێشوازیی دەوڵەت بۆ شەڕڤانان لە هێزەکانی هەسەدە کرد بۆ ئەوەی بچنە نێو ڕیزەکانی، لە چوارچێوەی دەستووری و یاسایی پەسەندکراودا.
حکومەتی سوریا داوای گەڕانەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات دەکات، لەوانەش کەرتەکانی خزمەتگوزاری، تەندروستی، پەروەردە، و ئیداریی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم گەڕانەوەیە "دڵنیای دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتیان و کۆتاییهێنان بە بۆشایی ئیداری و بەرزکردنەوەی سەقامگیری کۆمەڵگا دەکات.
ئەوە لەکاتێکدایە تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا دەڵێت، تەنها یەک ڕێگا بۆ هەسەدە هەیە و ئەو ڕێگایەش بەرەو دیمەشق دەچێت.
باراک ئەمڕۆ بەشداری کۆبوونەوەیەکی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدەی کرد.
باراک دەڵێت، "حکومەتی سوریا جۆش و خرۆشێکی باوەڕپێنەکراوی نیشانداوە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە دامەزراوەکانیدا لەژێر بنەمای یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک سوپا، یەک حکومەت".
دەشڵێت، هەسەدە لە وەڵامدانەوە و دانوستان و هەنگاونان بۆ پێشەوە لەم ڕێگایەدا هێواش بووە.
تۆم باراک ڕاشیگەیاند، فیدرالیزم لە سوریا لەتوانادا نییە، بەڵام کورد مرۆڤێکی سەرسوڕهێنەر و جوانن لەناو وڵاتەکانی خۆیاندا.
ئ.ه
