شارپرێس:
پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بارەی شەپۆلی نوێی سەرکوت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، پارتی ئازادیی کوردستان – پاک، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن " لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێکی نوێی سەرکوت لە دەستبەسەرکردن، ڕاودوونان و سێدارە لە کوردستان و لە سەرانسەری ئێران لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێ کردوە. ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش بە هەڵبەستنی تۆمەتی ناڕەوا و پەروەندەسازی بۆ زیندانییانی سیاسی و هەروەها پێداچوونەوە بە یاسای سیخوڕی لە پاڕلەمان و دەزگای قەزایی ڕێژیمدا دۆخێکی مەترسیداریان بۆ بەندکراوانی سیاسی ڕەخنەگرانی حکوومەت خوڵقاندوە".
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە هەتا ئێستا ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە هەزار کەس تێپەڕیوە و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی بەردەوام و ڕوو لە هەڵکشانە. هەر چەند ڕۆژ لەوە پێش بوو ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد، سێ کۆڵبەری کورد کە تۆمەتی بی بنەمای هاوکاریی ئیسڕائیلیان درابووە پاڵ، لەسێدارە دران و هەر ئێستاش گیانی چەند بەندکراوی دیکەی کوردی خەڵکی بۆکان کە سێ ساڵ پێش ئێستا لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کران و حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە، لە مەترسیدایە."
دەشڵێن "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا هەرکات لە شەڕێکی دەرەکی یان پرسێکی نێودەوڵەتی شکستی خواردبێ، تۆڵە لە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات کردووەتەوە و ئێستاش دەیەوێ تۆڵەی شکستەکانی لە شەڕی ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەی مافخوازیی گەلانی ئێران و زیندانییانی بێدیفاع بکاتەوە. بێگومان بێتوو کۆماری ئیسلامی هەست بە گوشار و کاردانەوەیەکی بەهێزی نێوخۆیی و دەرەکی نەکا، دوور نیە کارەساتی کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا دووپات بێتەوە، وەک چۆن دوای ملدانی ڕژێم بۆ ئاگربەست لەگەڵ عێڕاق دوای هەشت ساڵ شەڕی بێئاکام لەگەڵ ئەو وڵاتە هەزاران زیندانیی سیاسیی لە نێوخۆی وڵاتدا کوشت".
هەروەها ئەو حیزبانە دەڵێن "ئێمە وێرای دەربڕینی ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆمان لە مەڕ ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی و بەتایبەت لە گیانی زیندانییانی سیاسی دەکەن، داوا لە خاتوو مای ساتوو، ڕێپۆرتەری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆڤ لە ئێران، ناوەندە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ، هەموو خەڵکی ئازادیخوازی جیهان دەکەین بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن دژی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە دەنگ هەڵبڕن و ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە بێپەروا بکەوێتە گیانی تێکۆشەرانێک کە هیچ تاوانێکیان جگە لە مافویستی، ئازادیخوازی و خەبات بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان و مافە سیاسی، مەدەنی و نەتەوایەتییەکانیان نەبووە.
داوا لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە ئێرانییەکان، ڕێکخراوەکان، ئێرانییانی ئازادیخواز و کوردانی تاراوگە دەکەین کە بە کۆدەنگی و بە ئاکسیۆن و کۆبوونەوەکانی خۆیان دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە بەرز بکەنەوە".
ئ.ه
