شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "ئێمە فەڵەستینییەکان لەغەززە دەرناکەینو ترەمپیش پێشنیازی ئەوەی نەکردوە، بەڵکو ئەوان سەرپشکن لەمانەوە یان جێهێشتنی کەرتەکە"، لهبارهى حهماسیشهوه ههڕهشهى لهناوبردنیان دهكات.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەکۆنگرهیهكى ڕۆژنامەوانیدا لەواشنتۆن وتی:"منو ترەمپ لەسەر پێویستی ئازادکردنی بارمتەکان هاوڕاین، هەروەها نابێت غەززە ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختیکردەوە، دەیانەوێت کۆتایی بەدەسەڵاتی حەماس لەغەززە بهێنن، "ئێمە فەڵەستینییەکان لەغەززە دەرناکەینو ترەمپیش پێشنیازی ئەوەی نەکردوە، هاوكات فەڵەستینییەکان سەرپشکن لەمانەوە یان جێهێشتنی غەززە".
ئهوهش لهكاتێكدایه دوێنێ، جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەسەر هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بەئاگربەستی غەززەو گەڕاندنەوەی بارمتهكان جیددییە، "پێموایە ئاگربەستەکە ڕادەگەیەنین".
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردبوو، "ئەگەر گەیشتینە ئاگربەستێکی کاتیی، ئەوا هەوڵ بۆ بهدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەدەین".
سێشەممەى ڕابردوش ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندبوو، "ئاگربەستی غەززە زۆر نزیکەو هیوادارین لەکۆتایی ئەم هەفتەیە بگەینە ئاگربەستی 60 ڕۆژە".
