دڵشاد مایی، رۆشنبیر و شرۆڤەکاری سیایسی لەبابەتێکدا سەبارەت بە پرۆسەی داندنی چەک لەلایەن ژمارەیەک گەریلای پەکەکە و جیاوازیی لەگەڵ ئەو بانگەشەیەی کە دوڵەتی تورک بۆ رادەستکردنی چەک دەیکات بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا دەڵێت، سوتاندنی چەک و رادەستردنی دوو بابەتی تەواو لێک جیاوازن.
نووسەر لە بابەتەکەیدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بەزمانی عەرەبی بڵاویکردۆتەوە دەڵێت: چەکەکان تەسلیم نەکران...چەکەکان سووتێنران، جیاوازی نێوان ترسنۆکیی و کەرامەت بەقەد جیاوازی سووتاندن و رادەستکردن زۆرە.
لەبابەتەکەی نووسەردا هاتووە: کاتێک تورکیا دەستی کرد بە هەڕەشەی داماڵینی چەک لە پەکەکە، دیمەنێکی زەلیلکەری دەویست: شەڕڤانان تفەنگەکانیان تەسلیم دەکەن، سەریان کز دەکەن و وێنەیەکی مێژوویی بۆ ئەوەی دەوڵەت بە دیواری سەرکەوتنەکەیەوە هەڵواسێت، بەڵام ئەوەی ڕوویدا هیچی وەک ئەوە نەبوو کە تورکیا هیوای بۆ دەخواست.
ئەو چەکانە تەسلیمی ئەو دەوڵەتە نەکران کە سەدەیەکە کوردستانی داگیر کردووە، نە ڕادەستی داگیرکەر و نێوەندگیران نەکران، بەڵکو بە دەستی ئەو کەسانە سووتێنران کە بە شەرەفەوە هەڵیانگرتبوون و دەیان ساڵ بەرگریان لە گەلەکەیان دەکرد.
سووتاندن وازهێنان نییە لە چەک، بەڵکو ڕەتکردنەوەی چەکەکانە.
سووتاندن تەسلیمبوون نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنێکی ڕوونە:
"ئێمە شکست ناهێنین، بەڵام ئێمە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەم قۆناغەی خەبات هەڵدەبژێرین نەک ئێوە".
تەسلیمبوون لە ڕێککەوتنەکانی تەسلیمبووندا بەکاردەهێنرێت؛ ڕادەستی دوژمن دەکرێت، داهاتووش بە زەلیلکردن دەگۆڕێتەوە.
سەبارەت بە سووتاندن، ئەوە ڕاگەیاندنی سەروەریی و جۆرێکە لە ناڕەزایەتیی ئەخلاقی کە دەڵێت: "ئەگەر بە چەک نەشکێنین، ئەوە وەک غەنیمەت لێمان وەرناگیرێتەوە".
پەکەکە دەسەڵاتی لێ زەوت نەکرا، بەڵکو بە ئیرادەی خۆی ڕایگرت، چونکە درک بەوە دەکات کە خەبات لە پەلەپیتکەیەکدا کورت نەکراوەتەوە و پرۆژەی ڕزگاریخوازی کورد لە تفەنگ گەورەترە و قووڵترە لەوەی کە تەنیا لە شاخەکاندا قەتیس بێت.
ئەوەی ڕوویدا چەکداماڵین نەبوو، بەڵکو گواستنەوە بوو لە ئامرازەکانی خەباتدا.
پڕۆژەیەک کە لە شاخەوە دەستی پێکرد، ئێستا لە سیاسەت و بیرکردنەوە و خۆبەڕێوەبردن و دووبارە داڕشتنی ئاگایی میللەت درێژە بە ڕێگای خۆی دەدات.
ئەگەر تورکیا لە بیرۆکەی "گۆڕانکاریی"دا دەلەرزێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە گرەوی لەسەر مردنی حزبەکە بە چەک دەکرد، و لەبری ئەوە چەکەکانی سووتاند... و بە هزری ژیان بەردەوام دەبێت.
لەکۆتاییدا دەڵێت ئەم وانەیە لەبیر مەکە:
گەلانی زیندوو تفەنگەکانیان تەسلیمی دوژمنەکەیان ناکەن... بەڵکو خۆیان دەیانسوتێنن، کاتێک دەبینن کاتی ئەوە هاتووە فۆرمێکی نوێی بەرخۆدان بنیات بنێن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
