سەلاحەدین بەهادین: خەجاڵەتی بۆ ئەوانەی نانیان لەتێكدان و بەشەڕدانی خەڵكدایە

کوردستان

11/07/2025‌ 186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەو كۆمەڵە لەبرادەرانی پەكەكە كەئەمڕۆ چەكیان دانا، پەیامی مێژوییان بۆ هەموو جیهان نارد.

سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شایەتی هەنگاوێکی کردەیی بوێر بوین کە کۆمەڵێک لە برادەرانی پەکەکە چەکەکانیان داناو پەیامێکی مێژوییان نارد بۆ هەموو جیهان، کە ئامادەی هەڵگرتنی چەکی ئاشتین".

دەشلێت،" بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنەوە دەستخۆشی لە سەرکردایەتی پەکەکە ئەکەم ، هەروەک پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک ئەردۆغان و حکومەتەکەی ئەکەم، هەروەها سڵاو و دەستخۆشی ئاراستەی دەولەت باخچەلی و عەبدوڵا ئۆجەڵان ئەکەم،کە زۆربەی ئەم دەستکەوتە بەرهەمی بڕیارو هیمەتی ئەوانە".

لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد،" هەروەک سوپاس و پێزانینم بۆ هەرکەس و لاییەک هەیە کە بەهەر شێوەیەک هاوکاری ئەم  کارە مەزنەی کردوە و جەختیش دەكاتەوە،"نەفرەت لەستەمکاران و شەڕفرۆشان ،خەجاڵەتی بۆ ئەوانەی نانیان لەتێکدان و بەشەڕدانی خەڵکدایە، سڵاو بۆ  ئاشتی و زمانی گفتوگۆو ئاشتیخوازان، هیوادارم هەموولایەک ئاوڕنەدەنەوە لە ڕابردووی خەم و تەم ، چاویان لە قۆناغێکی نوێ و ئایندەیەکی گەش و وڵاتێکی ئارام و ناوچەیەکی پڕ لە برایەتی و یەکسانی و پێکەوەژیان بێت".

ش.ح