ئێران بەهۆی ترسی سیخوڕیکردنیان بۆ ئیسرائیل، نیو ملیۆن ئەفغانی ڕه‌وانه‌ى وڵاته‌كه‌یان ده‌كاته‌وه‌

جیهان

13/07/2025‌ 1769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل، زیاتر لەنیو ملیۆن ئەفغانی لەئێران دەرکراون‌و دیپۆرتکراونەتەوە، ئەوەش لەترسی سیخوڕیکردنیان بۆ ئیسرائیل.


به‌گوێره‌ى ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، تەنها لەماوەی 16 ڕۆژدا نیو ملیۆن کەس دیپۆرتکراونەتەوە، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆتاییهاتنی پێکدادانەکانی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل دەستیپێکردوە، بەشێوەیەک تەنها لەماوەی تەنها 48 کاتژمێردا لەکۆتایی هەفتەی ڕابردودا، 88 هەزار کەس دیپۆرتکرانەوە، ئەمەش پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە بوو کە ڕۆژی یەکشەممە دیاریکرابوو.

میهیۆنگ پارک سەرۆکی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لەئەفغانستان دەڵێت، "هەزاران کەس لەبەر تیشکی خۆری گەرمدا ماونەتەوە، ئێوەش دەزانن کەشوهەوای هرات چەندە گەرمە، دۆخەکە زۆر تراژیدییە، هەفتەی ڕابردوش، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەخێزانەکانیان دابڕابون‌و بێسەرپەرشت بون، گەیشتە نزیکەی 400 منداڵ."

پارک باسی لەوەکردوە، زۆرجار ئەفغانییەکان لەسەر شەقامەکان دەستگیردەکرێن‌و دیپۆرتدەکرێنەوە بێئەوەی دەرفەتی ئەوەیان پێبدرێت کەلوپەلەکانیان کۆبکەنەوە، هەندێکجار دوای چەندین ساڵ کارکردن لەئێران بەکرێیەکی باشتر.

بەشیر ئەحمەد گەنجێکی ئەفغانی تەمەن 20 ساڵانه‌ کە لەتارانەوە دیپۆرتکراوەتەوە، دەڵێت:"سەرەتا نزیکەی 200 دۆلاریان لێسەندین، پاشان منیان نارد بۆ بنکەیەکی دەستبەسەرکردن‌و دوو شەو لەوێ مامەوەو ناچاریان کردم 50 دۆلاری تریش بدەم، لەبنکەکەدا، نە خواردن‌و نە ئاویان پێنه‌داین، نزیکەی 200 کەس بوین، لێیان دەداین‌و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکردین."

سەبارەت بەوەی بۆچی ئێران بڕیاریداوە کۆچبەرە ئەفغانییە نایاساییەکان دیپۆرتبکاتەوە، باس لەوەدەکرێت کە گومان هەیە ئەفغانییەکان سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل بکەن‌و دانپێدانانی لەم شێوەیە لەمیدیا فەرمییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، هەرچەندە ڕەنگە بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا نەبێت، بەڵام پەیامەکە ڕونە کە پەیوەستە بەسیخوڕییکردن بۆ ئیسرائیل.