هێرشی درۆنەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی هەرێمی کوردستان

توێژینەوە و شیکاریی

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و توندکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران، کۆماری ئیسلامی بڕیاری ئازاردانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایدا. بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز لەوکاتدا لە ٢٠١٩، چەند کۆبونەوەیەکی سەرکردە باڵاکانی سوپا و دەزگای ئیستیخباراتی کرا، کە لە یەکێک لە کۆبونەوەکاندا خامینەئیش بەشداربو. بەکورتی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە کۆبونەوەیەکدا دەڵێ: <<ئێستا کاتی راکێشانی شمشێرەکانمانە تا دەرسێکی باشیان بدەینێ.

بڕیاریاندا ژێرخانی نەوتی سعودیە بکەنە ئامانج. خامینەئی بەوە رازیبو بەڵام نابێ هیچ مەدەنییەک و سەربازانی ئەمریکی بکرێنە ئامانج. ئێران بە هاوکاریی حوپییەکان کە لە شەڕدا بون لەگەڵ سعودیە، لەڕێی ١٨ درۆن و سێ موشەکی نزم، ئارامکۆی سعودیەیان کردە ئامانج. نیوەی بەرهەمی نەوتی سعودیە وەستا، واتا سەدا پێنجی سەپڵای نەوتی دونیا.

ئەمریکییەکان وەڵامێکی ئەوتۆیان نەدایەوە چونکە ئەوکات کێشەی کوشتنی جەمال خەشوگجی تەگەرەی خستبوە پەیوەندییەکانی سعودیە و ئەمریکا. توانای بەرگریی ئاسمانیی سعودیە لە بەرانبەر درۆن و موشەکی ئێرانی دەرکەوت زۆر لاوازە.

ستراتیژداڕێژەرانی سعودیە لەژێر سەرکردایەتیی محەمەد بن سەلمان بڕیاریاندا ستراتیژیان لەگەڵ ئێران بگۆڕن. سعودیە خاوەنی چەکی ئەتۆم نییە و ئیسرائیلیش بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکا وڵاتێکی موسڵمانی جیران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم، بۆیە قورس بو سعودیە بیتوانیبوایە لەڕێی پێشبڕکێی سەربازییەوە سنور بۆ ئێران دابنێ. 

سعودییەکان گوتیان لەبری پێشبڕکێی سەربازی کە دیارە لە ئێرانی نابەنەوە، با بیکەنە پێشبڕکێی داهێنانی تەکنەلۆژی کە ئێران بە هۆی گەمارۆکان و خراپیی باری دارایی، لەوەدا ناتوانێ پێشبڕکێی سعودیە بکا. ئەو پێشبڕکێیە ئێران دەکاتە دۆست و هەڕەشەی ئێران لادەبات. بۆیە لە ٢٠٢٣ چین هەردو وڵاتی گەیاندە رێککەوتنێک. لە شەڕی ١٢ی رۆژەی ئیسرائیل-ئێران، سعودیە سەلامەت بو.

بە رای من، یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی محەمەد بن سەلمان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بو لەگەڵ ئێران کە ئەگەر بەردەوام بێ، هەردو وڵات قازانجی گەورە دەکەن. شەڕی ١٢ رۆژە و تەداخولی ئەمریکا لە شەڕەکە سعودیەی دەخستە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورەی پەلاماری موشەکیی ئێران ئەگەر ئەو رێککەوتنەی ٢٠٢٣ نەکرابوایە.

ئایا ئەوە راستە ئێران کردی بەرانبەر سعودیە؟ نەخێر. ئەی ئەوە راستە سعودیە بەرانبەر حوپییەکان کردی؟ نەخێر. ئەوە راستە هەر وڵاتێک بەهێزتر بو لەویتر هێرش بکاتە سەر ئەویتر، هەرگیز راست نییە. بەڵام راستی و قانونی نێودەوڵەتی و هەمبەریی دەوڵەتان نییە رەفتاری دەوڵەت و لایەنە بەهێزترەکان دیاریدەکات، ئەوە هێزە، هەر بۆیە ئەمریکا رێ بە خۆی دەدات هێرشبکاتە سەر ئێران. 

سەرکردایەتیی سعودیە خۆیان لە بەڵای ئێران پاراست لەڕێی دیپلۆماسییەوە کە دو لایەنن لە ١٩٧٩ەوە لە ململانێ دان. هۆکار چییە هەرێمی کوردستانی عێراق ناتوانێت خۆی لە بەڵای ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی بپارێزێت لە کاتێکدا ئێران نەک هەر پەیوەندیی هەیە لەگەڵ یەکێتی و پارتی، بەڵکو لە قۆناغێکدا وەک پرۆکسیی ئێران مامەڵەیان کردوە؟

سەرکردایەتی کەللەڕەقی نییە. سەرکردایەتی خۆهەڵکێشان نییە بە دو دیداری دو بەرپرسی ئەمریکی لە واشنتن. سەرکردایەتی هەڵەخوێندنەوەی روداوەکان نییە. ئەوە هەرگیز سەرکردایەتیی نییە بکەویتە هەڕەشەکردن و چاوسورکردنەوە بێئەوەی توانای بەجێهێنانی هیچ لە هەڕەشەکانت هەبێ.

 ئەمە بۆ خامینەئیش راستە کە لە ١٩٧٩ەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن، کەچی بە ١٢ رۆژ شڕ بون. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەشی راستە کە بە دو گرێبەستی نەوت و گاز لە خۆیان دەگۆڕن و دەکەونە هەڕەشە. سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان پێویستە تواناکانی خۆی بزانێ. پێویستە هێزی خۆی باشتر بخوێنێتەوە و بە دو قسەی ئەو کۆنە جەنەرالە ئەمریکیی و رۆژنامەنوس و راوێژکار و ئەکادیمییە ناوخۆیی و دەرەکییانە هەڵنەخەڵەتێ کە دۆخێکیان دروستکردوە وەک بڵێی هەر هەڕەشەیەکی بچوک لەسەر هەرێمی کوردستان، ئێف١٦ی ئەمریکی و ئیسرائیلی دەمانپارێزن.

ژێرخانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، کە رونە بەشێکی هی یەکێتی و بەشە هەرە زۆرەکەی هی پارتییە جا بۆڕی گواستنەوە بێ یا پاڵاوگەکان و تەنانەت بەشێک لە کێڵگەکانی نەوتیش لەڕێی کۆمپانیاکانی سەر بە خۆیانەوە، لەژێر هەڕەشە دان. ئەو هەڕەشانە نە بە پشتیوانیی ئەمریکا نە بە کەللەڕەقیی سەرکردایەتیی پارتی لاناچن. ئەو هەڕەشانە بە سیاسەتی حەکیمانە کە هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ میللەتەکەی رێکبخاتەوە، حوکمڕانییەکی چاک و رێککەوتنێکی بنەڕەتی لەگەڵ بەغداد، ئینجا نیشاندانی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە لەسەر هیچ وڵاتێک.

هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧ سەد هێندەی ئێستا پشتیوانیی دەرەکیی هەبو، خاکی زیاتری لەدەستبو، تازەش لە شەڕی داعش تەواوبوبو و دۆخی داراییش هێندە خراپ نەبو، کەچی لە ریفراندۆمدا روە راستەقینەکەی دەرکەوت کە هەم هێزی بەرگرییەکەی هەم پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکەی و هەمیش پشتیوانییە ناوخۆییەکەی و یەکگرتویییە نیشتیمانییەکەی، وەهم بون. سەرکردایەتیی باش دورخستنەوەی هەڕەشەکانە نەک زیادکردنیان.

كەمال چۆمانی