بەرهەمهێنانی نەوت له‌هه‌رێم ڕاگیراو سامانه‌ سروشتیه‌كان هاته‌ده‌نگ

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6779 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى هێرشه‌ درۆنیه‌كانى دوێنێ‌و ئه‌مڕۆى سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانى سنورى هه‌ولێرو پارێزگاى دهۆك‌و ئیداره‌ى زاخۆ، كۆمپانیایه‌كى نه‌رویجى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى ڕاگرت، وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمیش هاته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت:"هێرشه‌كان زیانێکی زۆریان بەژێرخانی کێڵگەکان گه‌یاندوه‌".


کۆمپانیای DNOى نه‌رویجى بەشێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لەدوو کێڵگەی زاخۆ ڕاگرت‌و دەڵێت، "دوای خەمڵاندنی زیانەکان، دەست بەبەرهەمهێنان دەکەینەوە".

كۆمپانیا نه‌وتیه‌ نەرویجیه‌كه‌ ڕاگەیەنراوێکى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، "بەهۆی ئەو هێرشە درۆنییانەی کراونەتەسەر هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکێ‌و پێشخابور، بەرهەمهێنانی نەوتمان بەشێوەیەکی کاتیی لەو دوو کێڵگەیە ڕاگرتوە".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "یەکێک لەتەقینەوەکان، لەکۆگایەکی نەوتی بچوکی کێڵگەی تاوکێ‌و ئەوەی دیکەشیان لەدامەزراوەکانی بەرهەمهێنان بوە لەکێڵگەی پێشخابورو زیانێكى زۆرى لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌". 

کۆمپانیاکە ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "هیچ زیانێکی گیانی بەر ستافی کارکردنیان لەو دوو کێڵگەیە نەگەیشتوە، ئێستا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین‌و دوای تەواوبونی خەمڵاندنی زیانەکان، دەست بەبەرهەمهێنانی نەوت دەکەینەوە".

لاى خۆیشیه‌وه‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان ڕایگه‌یاندوه‌، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە لەڕێگه‌ی درۆنی بۆمبرێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایەسەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ‌و پێشخابورو عین سفنی لەئیدارەی سەربەخوی زاخۆو قەزای شێخان سەر بەپارێزگای دهۆک، هەرچەندە هێرشەکان زیانی گیانی نەبوە، بەڵام زیانێکی زۆری بەژێرخانی کێڵگەکان گه‌یاندوه‌".

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگه‌یاندوه‌، "بەتوندی ئەم هێرشە تیرۆیستیانە ئیدانەو شەرمەزار دەکه‌ین کە مەبەست لێیان، لێدانی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان‌و دروستکردنی مەترسییە لەسەر سەلامەتی کارمەندانی مەدەنی کەرتی وزە".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان وتویه‌تى، "وەزارەتمان بانگەوازیی هەمولایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی فیدراڵی‌و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بەزوترینکات بێنەسەرخەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی‌و ئەمنیەتی وزەو ڕێگریکردن لەهێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان، ئێمه‌ هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزەو پێگەی ستراتیژی خۆمان لەدابینکردنی سەقامگیریی وزە لەناوچەکەو جیهان دەده‌ین".

دژە تیرۆری کوردستان (پارتى) به‌یانى ئه‌مڕۆ لەدوو ڕاگەیەنراوی جیاوازدا ڕایگەیاند، له‌كاتژمێر 6 بۆ 7ى به‌یانى لەڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرشکراوەتەسەر سێ کێڵگەی نەوتی؛ دوانیان لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆو ئەوەی دیکەشیان لەقەزای شێخانى سنوری پارێزگای دهۆک بوه‌.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی دوێنێ سێشەممە لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ هێرشكرایەسەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ، لەناحیەی چەمانکێ لەپارێزگای دهۆک‌و ئێوارەی دوشەممەى ڕابردوش دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لەکێڵگەی نەوتی خورمەڵە لەپارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە.

بەرەبەیانیی دوشه‌ممه‌ش درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.