شارپرێس:
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا له‌په‌یامێكدا ده‌ڵێت، "دروزەکان بەشێکی دانەبڕاون لەپەیکه‌ری سوریا‌و پاراستنی ماف‌و ئازادییەکانیشیان لەپێشینەی کارەکانی حکومەتە"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "سوریا نابێته شوێنێك بۆ دابه‌شبون".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەوتارێکی تەلەفزیۆنیدا، دوابەدوای ڕوداوەکانی پارێزگای سوەیدا لەباشوری سوریا، ئه‌حمه‌د شه‌رع سەرۆکی سوریا وتى:"سوریا نابێتە شوێنێک بۆ دابەشبون‌و پارچەپارچەبون‌و ناتەبایی لەنێوان گەلەکەیدا، سوریا بەئیرادەیەکی تەواوەوە دەستوەردانیکرد بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە لەسوەیدا ڕویدا".
شه‌رع ده‌ڵێت:"ئێمە گەلی دروزمان دڵنیادەکەینەوە، پاراستنی ماف‌و ئازادییەکانتان لەپێشینەی کارەكانمان ده‌بێت، هەروەها هەر هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی ئێوە بۆ دەستی لایەنێکی دەرەکی ڕەتدەکەینەوە".
لەوتارەکەیدا شەرع وتی:"ئەم وتارە تەرخاندەکەم بۆ گەلی دروزمان کە بەشێکی دانەبڕاون لەپەیکەری ئەم نەتەوەیە، دڵنیاتان دەکەینەوە، پاراستنی ماف‌و ئازادیتان یەکێکە لەئەولەویەتەکانی ئێمە، هەروەها هەر هەوڵێک ڕەتدەکەینەوە کە ئامانج لێی ڕاکێشانی ئێوەبێت بۆ كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ترو دواجار دابەشبون لەناو ڕیزەکانماندا ڕوبدات، هەمومان هاوبەشین لەم خاکەداو ڕێگە بەهیچ گروپێک نادەین ئەم وێنە جوانە بشێوێنێت کە گوزارشت لەسوریاو هەمەجۆرییەکانی دەکات".
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، یه‌كشه‌ممه‌ى ڕابردوو لەپارێزگای سوەیدا لەباشوری سوریا، شەڕ لەنێوان دروزەكان‌و چەكداری هۆزی ناوچەكەدا ڕویدا، بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو‌و برینداری لێکەوته‌وه‌و هێزه‌كانى شه‌رع، سه‌رباریى ئیهانه‌كردن هاوكات له‌چه‌ند شوێنێك كۆمه‌ڵكوژیش ڕویداوه.
دواتریش ئیسرائیل هێرشیكرده‌سه‌ر وه‌زاره‌تى به‌رگریى سوریا‌و كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و وڵاته، وه‌زیرى به‌رگریى ئیسرائیل-یش ڕایگه‌یاند، پێشتر هۆشدارییان به‌سوریادابوو، ته‌لئه‌بیب ڕێگه به‌هیچ هێزێكى سوریا نادات بچێته باشورى وڵاته‌كه.