شارپرێس:
هەڵوێستی ڕێبەرانی دروز کە ناسراون بە"شێخەکانی عەقڵ" لەپارێزگای سوەیدا، جیاوازبوو سەبارەت بەپێشهاتەکانی ئەمدواییەی پارێزگاکە، بەتایبەتی دوای پەرەسەندنی پێکدادانەکان لەپارێزگاکەو ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدو هاتنی بەرەی نوسرە بۆ دەسەڵات.
ئەم سەرکردە ئاینیانە کە کاریگەرییەکی سیاسییو کۆمەڵایەتیی بەرفراوانیان هەیە، هەڵوێستەکانیان لەبارەی حکومەتی نوێو پەیوەندیی ئەو مەزهەبە لەگەڵ ڕژێمی نوێ لەپرسە جۆراوجۆرەکاندا جیاوازبوو، دیارترینیان مەسەلەی ڕادەستکردنی چەک، بەتایبەت لەگەڵ گرژییەکانی ئەمدواییە.
لەپارێزگای سوەیدهدا سێ شێخی دیار هەن کە ئەوانیش: یوسف جەربوعو حەمود حەناویو حیکمەت هیجری.
شێخ یوسف جەربوع: لەدایکبوی ساڵی 1970، سەر بەبنەماڵەیەکی دیاری ناو شێخایەتییە، پێشتر پشتیوانی ڕژێمی ئەسەدی دەکرد، بەڵام لەمدواییانەدا هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت لەبەدیهێنانی ئاگربەست لەگەڵ حکومەتی سوریا، ڕێککەوتنێکی ڕاگەیاند کە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانو کاراکردنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت لەسویدە لەخۆدەگرێت.
جەربوع هەروەک پاڵپشتی لەهەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستانو باسی لەوەکرد، لەبارەی داهاتوی سوریا دیدگایان وەک یەکە، دوێنێ چوارشەممە داوای پێکهێنانی لیژنەی چاودێریی هاوبەشیی کرد بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان، هەروەک جەختی لەسەر پێویستی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا کردەوە.
شێخ حیکمەت هیجری: لەدایکبوی ساڵی 1965 لەڤەنزوێلا، هەڵوێستێکی توندی گرتوهتەبەرو ڕێککەوتنی ئاگربەستی ڕەتکردەوەو جەختی لەسەر "بەردەوامیکردنی شەڕەکە کردەوە تا ئازادکردنی ئەو پارێزگایە لەدەستی حکومەتی نوێی دیمەشق.
ئەو پێیوایە، تەسلیمکردنی چەک دەبێت بڕیارێکی دەستەجەمعی بێت، جەخت لەوەدەکاتەوە، لامەرکەزی دیموکراتیک چارەسەرە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق.
پێشتریش داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی دروزەکان کردوە.
شێخ حەمود حیناوی: لەدایکبوی ساڵی 1943، پێشتر مامۆستای زمان بوەو پۆستی جۆراوجۆری مامۆستایی هەبوەو پێش گەڕانەوەی بۆ سوەیدا لەدەرەوەی وڵات، کاریکردوە.
ناوبراو بەهەڵوێستە میانڕەوەکانی ناسراوەو داوای گفتوگۆی نیشتمانییو پاراستنی ئاشتیی مەدەنیی دەکاتو پارچەپارچەبونی سوریا ڕەتدەکاتەوە.
حەناوی جەختدەکاتەوە، لەسەر پێویستی کۆنترۆڵکردنی چەک لەڕێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە نەک تاکەکان.
هەروەک دەستێوەردانی دەرەکیی لەسوریا ڕەتدەکاتەوەو هاوشانی شێخەکانی دیکە بەشداریی لەبەیاننامەیەکدا کردوە کە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان بەبێ کۆدەنگی ناوخۆیی ڕەتدەکاتەوە، داوای پاراستنی کاتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنیی دەکات.
حەناوی هیچ لێدوانێکی سەبارەت بەڕوداوەکانی ئەمدواییەی سوەیدا بڵاونەکردوەتەوە.
