خولانەی زەویی بەدەوری خۆیدا خێراتر بووە

هەمەڕەنگ

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 432 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

لە پێشهاتێکی زانستی سەرنجڕاکێشدا، لە 9ی تەمموزی 2025دا، زەوی کورتترین ڕۆژی بەخۆوە بینی کە لە دوای هێنانەکایەی کاتژمێری ئەتۆمی تۆمارکرابێت، بەشێوەیەک زەوی خولانەوەی خۆی تەواو کرد کە 1,3 بۆ 1.6 میلی چرکە کورتتر بوو لە ڕۆژە ئاساییەکەی کە 86 هەزار و 400 چرکە بوو.

شارەزایانی ئاژانسی کاتی جیهانی پشتڕاستی دەکەنەوە کە خێرابوونی خولانەوەی زەوی چیتر ڕووداوێکی دەگمەن نییە، بەڵکو لە ساڵی 2020ەوە بووەتە شێوازێکی دووبارەبووەوە، ئەمەش ڕەنگە پێویستی بە هێنانەکایەی "چرکەی نەرێنی" هەبێت بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بۆ ڕێکخستنی کاتی UTC  .

زانایان هۆکاری ئەم خێراییە بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێننەوە، لەوانە گۆڕانی گۆشەی خولگەی مانگ، تێکچوونی بەرگەهەوا کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا درووست دەبێت و جوڵەی ناوەکی ناوەوەی زەوی، هەروەک هۆکارەکانی تری وەکو هەڵکشان و داکشانی ئاوی دەریاکان و ڕەوتی زەریاکان و پەستانی بەرگەهەوا کاریگەرییان لەسەر زەوی هەیە.

هەرچەندە ڕەنگە ئەم گۆڕانکارییە وردانە لەلایەن مرۆڤەوە هەستیان پێ نەکرێت، بەڵام کاریگەرییان لەسەر وردی سیستەمی گەشتیاری جی پی ئێس و کاتی کارکردن لە بازاڕە داراییەکاندا هەیە، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و بۆرسە ناچار دەکات سیستەمەکانیان دەستکاریی بکەنەوە.

زانایان پێشبینی دەکەن ئەم دیاردەیە لە ڕۆژانی 22ی تەمموز و 5ی ئابی 2025 دووبارە ببێتەوە، ئەمەش ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەکات کە لە ئێستادا زەویی خێراتربوونی بێ وێنە لە چەند سەدەیەکدا بەخۆیەوە دەبینێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی