پزیشكیان ویستى له‌تارانه‌وه‌ بچێته‌ ته‌برێز.. بزانه‌ چى به‌سه‌رهات له‌ڕێگه‌

جیهان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 16364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی باڵای سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ئاشکرایکرد، لەکاتی سەردانێکی نافەرمیی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ شاری تەبرێز، سێ ئوتۆمبێلی تایبه‌تى سەرۆک کۆمارو پاسەوانەکانی، بەهۆی وەرگرتنی بەنزینی تێکەڵ بەئاو، لەڕێگه‌دا کوژاونەتەوەو سەرۆک کۆمار ناچاربوە بەتاکسی خۆی بگەیەنێتە تەبرێز.


بەوتەی مستەفا مەولەوی چاودێری تایبەتی سەرۆکایەتیی کۆمار، هەرسێ ئوتۆمبێلەکەی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدا کە بۆ سەردانێکی نافەرمی لەتارانەوە بەرەو تەبرێز دەچون، ماوەیەک دوای ئەوەی لەبەنزینخانەیەکی پارێزگای قەزوێن بەنزینیان کڕیوه‌، لەڕێگه‌ کوژاونەته‌وە، لەبەرامبەریشدا مەسعود پزیشکیان بەبێئەوەی داوای هاوکاریی لەپارێزگاری قەزوێن یا لایەنێکی فەرمی بکات، بەتاکسی خۆى گه‌یاندوه‌ته‌ تەبرێز.

مەولەوی ڕاشیگەیاندوە، پاش لێکۆڵینەوەی تیمی پسپۆڕانی سەرۆک کۆمار، دەرکەوت ئەو بەنزینەی لەئوتۆمبێلەکانیان کردوە ئاوی تێکەڵکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بەنزینخانەیەی بەنزینەکەی بەسەرۆک کۆمارو تیمەکەی فرۆشتبوو، پێشتریش بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی تێکەڵ بەئاو، سکاڵای لەسەربوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچونیان بۆ سکاڵاکان نەکردوە.

فرۆشتنی بەنزینی خراپ لەبەنزینخانەکانی ئێران لەماوەی ڕابردودا ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتوەتەوە، بەڵام فاتمە کاهی وتەبێژی کۆمپانیای نیشتمانیی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ئەم هەواڵانەی ڕەتکردبوەوەو وتبوی، "لەڕوانگەی زانستییەوە بەنزین تێکەڵ بەئاو ناکرێت".