ڕۆژئاوای کوردستان- کەنداڵ جودی
بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتی هەڵەی دیمەشق هۆکاری ڕوداوەکانی ئەم دواییەی سوەیدایە.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس دەڵێت: "عەفرین و سەرێ کانی هێشتا لە دەستی دەوڵەتی تورکیادان، بۆیە گەڕانەوەی ئاوارەکان مەترسی دروست دەکات".
شارپرێس: با لە دۆخی سوەیدا دەست پێ بکەین، چۆن ئەم دۆخە نوێیە هەڵدەسەنگێنن کە سەریهەڵداوە، واتە هۆکارەکانی ئەم شەڕە چین؟
خەلیل: گەلی سوریا ١٥ ساڵە چاوەڕوانی چارەسەرو گۆڕینی ڕژێمە، بەڵام ئەگەرچی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕوخا، بەڵام ئەو ڕژێمەی جێگای گرتەوە نەیتوانی سیستمێکی دیموکراسی دابمەزرێنێت، ڕژێمە نوێیەکە ویستی درێژە بە توندوتیژییەکانی ڕژێمی ئەسەد بدات. دەکرێت بڵێین زۆرینەی گەلی سوریا دژی ڕژێمی ئەسەد بون، بەڵام لە سەردەمی حکومەتی کاتیی ئێستادا سیاسەتەکانی بوەتە هۆی ناکۆکی لەنێوان خودی گەلی سوریا. لە لایەکی دیکەوە شەڕێکی نهێنی لە ناوچەکەدا لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا بەڕێوەدەچێت. تورکیا دەیەوێت لە سوریا درێژە بە هەژمونی خۆی بدات، لە کاتێکدا ئیسرائیل بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی، بەتایبەتی دوای شەڕەکانی غەززەو لوبنان، دەیەوێت لەو ناوچانەی مەترسی بۆ سەری دروست دەکەن، ڕێگری لەو مەترسیانە بکات. لە هەمان کاتدا ئەو گروپە چەکدارانەی هێرشیان کردە سەر سوەیدا، زۆرتر گروپی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بون. هەروەها ئەمەش ڕێگە دەدات شەڕ لە سوریا هەڵبگیرسێت.
شارپرێس: سەبارەت بە پرسی سوەیدا ئایا مەترسی ئەوە هەیە ئەوەی بەسەر دروزدا هات بەسەر کوردیشدا بێت، واتە گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی دیمەشق هێرش بکەنە سەر کورد؟
خەلیل: کاتێک ئەحمەد شەرع هاتە سەر دەسەڵات، هێرشیان کردە سەر ناوچە کەناراوەکانی سوریا و کۆمەڵکوژییان ئەنجامداو تا ئێستاش بەردەوامن لە کۆمەڵکوژی، واتە بە پشتبەستن بە ناسنامە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. دوای سوتاندنی دارستانەکانی کەنار دەریا، ڕویان لە سوەیدا کردو دەیانویست دروزەکان بێدەنگ بکەن، تا بە زەبری هێز دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن، هەروەک چۆن پێشتر بەعس دەیکرد. سەربازەکانیان دەیانوت دوای سوەیدا ڕوو لە ناوچەکانی کورد دەکەن. بەڵام کاتێک وا بیردەکەنەوە وڵاتی خۆیان وێران دەکەن و وڵات دابەش دەبێت. بەڵام با بزانن کە ناوچەکانی ئێمە (ڕۆژئاواو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) وەک ناوچە کەنارییەکان و سوەیدا نین. لێرەدا دەسەڵاتی بەرگری و پڕۆژەی دیموکراسی هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر گەلانی ناوچەکە، کورد، عەرەب، ئەرمەنی، سریانی، ئاشوری و هتد، پێکەوە بەرگری لە ناوچەکانیان دەکەن. بۆیە لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی دیمەشق، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر سوریاو ئەگەری ئەوە هەیە سەربازانی ئیسرائیلیش بچنە ناو خاکی سوریاوە. ئەمەش ڕێگە بە بەردەوامبونی نائارامییەکانی سوریا دەدات.
شارپرێس: ئەگەر هێرشێک بۆ سەر کورد ڕوبدات، ئایا پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کورد دەبێت، وەک ئەوەی ئیسرائیل چۆن بۆ سوەیدا دەڕوات؟
خەلیل: ئێمە ساڵانێکە هێزمان هەبوەو کۆمەڵگاکەمان یەکگرتووە، ئەگەر هەڵەیەک و هێرشێکی وا بکەن، زیانیان پێدەگات. ئێمە پشت بە هێزی خۆمان دەبەستین نەک بە هێزی دەوڵەتەکان. بەڵام گومانی تێدا نییە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و پاڵپشتیی هێزە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ پاراستنی ناوچەکانمان گرنگن.
شارپرێس: دوای دوا خولی دیدارەکانت لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، نوێنەری ترەمپ بۆ سوریا، تۆماس باراک، لێدوانێکی سەرسوڕهێنەری سەبارەت بە هێزەکانی هەسەدەو ناوچەکانی ڕۆژئاوا دا. ئەم هەڵوێستە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
خەلیل: بە لێدوانێک ئێمە ستراتیژی دەوڵەتێکی وەک ئەمریکا هەڵناسەنگێنین، بەڵام دواتر لێدوانی دژ بەیەکیان دا. بەڕای من لەبری ئەوەی گرنگی بەو قسانە بدەین، با سەیری ئەوە بکەین کە چی لەسەر زەوییە. ئایا ئەمریکا ئامادەیە هاوکارییەکانی بۆ هەسەدە ڕابگرێت؟ ئایا ئەمریکا ئامادەیە بۆ ئەوەی داعش دەسەڵاتی خۆی لە ناوخۆی سوریا بەهێزتر بکات؟ ئەمە پرسیارێکە کە ئەمریکا دەبێت لە خۆی بکات. هەروەها باراک گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە سوریا بەم شێوەیە بەڕێوە ناچێت، واتە بە فشار چارەسەر نابێت. ئەمە پرسێکی ستراتیژی و گرنگە.
شارپرێس: پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی و عەفرین گەیشتوەتە چ قۆناغێک، لە کاتێکدا گفتوگۆی نێوان ئێوەو حکومەت لە دیمەشق بەردەوامە؟
خەلیل: لیژنەیەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی و عەفرین پێکهێنراوەو پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق هەیە. چەند مانگێکە ئەم کێشەیەیان چارەسەر نەکردووە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە عەفرین و سەرێ کانی لە دەستی حکومەتی دیمەشق نین، بەدەست دەوڵەتی تورکیان. ئەگەر حکومەت لە دیمەشق بیەوێت هەر کارێک لەو ناوچانە بکات، ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ تورکیا. بەڵام دەوڵەتی تورکیاش لەم کاتەدا ئەجێندایەکی خۆی هەیەو چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت تورکیا چ بڕیارێک سەبارەت بەو ناوچانە دەدات.
ئ.ه
