شارپرێس:
ئاگرکەوتنەوە لەباڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لەشاری کوتی پارێزگای واست کە تەنها حهوت ڕۆژە کراوەتەوە، بوە هۆی گیانلهدهستدانى 61 هاوڵاتی.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، "ئاگرکەوتنەوە بوە هۆی گیانلەدەستدانی 61 هاوڵاتیی بێتاوان، کە زۆربەیان لەناو گەرماوەکاندا بەهۆی بەرزبونەوەی دوکەڵێکی چڕەوە بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا 14 تەرمی سوتاو هەن کە ناسنامەیان دیارنییە".
لەڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتوە، "وەزارەت سڵناکاتەوە لەلێپرسینەوە لەهەر لایەنێک کە کەمتەرخەمی یان بەرپرسیارێتیی بسەلمێت، وەک پابەندبونێک بەهەقو دادپەروەرییو لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتییان".
وەزیری ناوخۆ ڕێنمایی دەرکردوه بەپێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بەسەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری تەکنیکیی وەزیرو ئەندامیەتیی بەڕێوەبەری بەڵگە تاوانکارییەکانو ژمارەیەک لەلێکۆڵەری باڵاو پسپۆڕی تەکنیکیی شارەزا، بۆ زانینی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت ئاگرکەوتنەوەکەو دیاریکردنی شوێنی کەموکوڕییەکانو بەرپرسیارێتی بەوردیو شەفافیەتەوە.
جەختیشکراوەتەوە، "ئەنجامی لێکۆڵینەوە تەکنیکییە گشتگیرەکان، هەر کە تەواوبون، ڕادەگەیەندرێن، وەک پابەندبونێکی وەزارەت بەبنەمای شەفافیەتی تەواو لەبەرامبەر ڕای گشتیدا".
لەلایەکی دیکەوە محەممەد جەمیل پارێزگاری واست وتویهتى، "دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە دوای ڕوداوەکە ڕێوشوێنی یاساییان لەدژی خاوەنی مۆڵەکە گرتوەتەبەر".
پارێزگاری واست دەڵێت، "لایەنی پەیوەندیدار تائێستا لەلێکۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە بزانن، لەماوەی 48 کاتژمێری دیکە هەموو شتێک یەکلایی دەبێتەوەو بۆ ڕای گشتیی ئاشکرایدەکەین".
جەختیشیکردەوە، کاری لەپێشینەی حکومەت، پارێزگاریکردن لەهاوڵاتیانەو لەلێکۆڵینەوەکانی بەردەوامدەبێتو کەموکوڕیەکە لەهەرکەسێکەوە بێت ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
