وه‌ڵامدانه‌وه‌كانى ترەمپ‌و مێدڤێدێڤ جوڵاندنی هێزی لێكه‌وته‌وه‌

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەوەڵامی لێدوانە بێڕێزەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا، دوو کەشتی هەڵگری بۆمبی ئەتۆمی ژێر دەریایی لەنزیک ڕوسیا جێگیردەکات.


ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی لێدوانەکان مێدڤێدێڤ لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نوسیویەتی، بەهۆی لێدوانە بێڕێزییەکانی دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیاو سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە، فەرمانمداوه‌، دوو کەشتی هەڵگری بۆمبی ئەتۆمی ژێر دەریایی لەناوچەیەکی گونجاوو نزیک ئەو وڵاتە جێگیربکرێن، لەحاڵەتێکدا ئەگەرهات‌و لێدوانە بێڕێزو دوژمنکارانەکانی زیاتری بەدواداهات.

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "زۆرجار لێدوانەکان دەرەنجامێکی خراپییان لێدەکەوێتەوە، هیوادارم قسەکانی مێدڤێدێڤ هیچی خراپی لێنەکەوێتەوە".

دواتر سەرۆکی ئەمریکا ڕونیکردەوە، جێگیرکردنی ئەو کەشتییانە بۆ پاراستنی هاوڵاتییان بوە".

هاوکات دۆناڵد ترەمپ لەپۆستێکی دیکەدا نوسیویەتی، "جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا، بایدن سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دروستیکردوە، من تەنها هەوڵی وەستانی دەدەم".

ئاماژەی به‌وه‌شداوە، لەسەرەتای جەنگەکەوە زیاتر لە 112 هەزار سەرباز کوژراون، بەشێوەیەک تەنها ئەم مانگە نزیکە 20 هەزار سەربازی ڕوسی لەشەڕێکی بێمانادا لەگەڵ ئۆکرانیا کوژراون.

هەروەها ئۆکرانیا لەسەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی هەشت هەزار سەربازی لێ کوژراوه‌، ئەمە جگە لەو سەربازانەی چارەنوسیان نادیارەو خەڵکێکی زۆری مەدەنیش بونەتە قوربانیی.

ڕۆژى 28ى مانگى ڕابردوو، دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا، لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەبارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نوسیویەتی، "ترەمپ یاری لەگەڵ ڕوسیا دەکات، دەبێت بزانێت ڕوسیا، ئیسرائیل‌و تەنانەت ئێرانیش نییە، ئەو یارییانە بکات".

ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى هه‌ر له‌هه‌مان ڕۆژ واته‌ 28ى مانگى ڕابردوو، ترەمپ بەر لەکۆبونەوەی لەگەڵ کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وتبوى، "زۆر لەڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بێئومێد بوە، بۆیە ڕەنگە ئەو 50 ڕۆژەی مۆڵەتم پێدابوو، کەمی بکەمەوە".

ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندبوو، "10 بۆ 12 ڕۆژی داهاتوو کۆتا وادە دەبێت بۆ ئەوەی ڕوسیا لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێکبکەوێت، چونکە هیچ بەرەوپێشچونێکمان لەبارەی ئاگربەستی نێوانیان نەبینیوەو ڕوسەکان‌و ئۆکرانییەکان بەبێ هۆکار دەمرن".

له‌31ى مانگى ڕابردوش، تره‌مپ هەڕەشە ئامێزانه‌ قسەی بەدیمیتری مێدڤێدێڤ وت لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال‌و ڕایگه‌یاندبوو، "بەمێدڤێدێڤ سەرۆکی شکستخواردوی پێشوی ڕوسیا بڵێن؛ بەوردی قسەکانی هەڵبژێرێت".

دواتر مێدڤێدێڤ-یش وەڵامی پۆستەکەی ترەمپی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال دایەوەو لەتەلەگرامیشدا نوسیبوی، "سەبارەت بەو هەڕەشانەی ترەمپ لەدژی من کردویەتی، ئەگەر قسەکانی سەرۆکی پێشوی ڕوسیا، سەرۆکە بەهێزەکەی ئەمریکا بوروژێنێت، ئەوا دیاره‌ ڕوسیا ڕاستدەکات‌و لەسەر ئەو ڕێگه‌ ڕاستەكه‌یە کە بۆ خۆی هەڵیبژاردوە".