شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی فارسـی سەر بەسوپای پاسداران ئاشكرایكرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەگۆڕێتو ئەنجومەنێکیش بەناوی (ئەنجومەنی باڵای بەرگریى) پێکدەهێنرێت.
لهو ههواڵهدا ئاشكراكراوه، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدرێژەی هەوڵەکانیدا بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی ئەمنیو سەربازیی وڵاتەکەی دوای شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی لەپێکهاتەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەدا پێکهێناوەو ئەنجومەنێکیشی بەناوی ئەنجومەنی باڵای بەرگریى دامەزراندوە.
ئاژانسهكه ئاماژەی بەوەداوە، عەلی لاریجانی کە ئێستا ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانە؛ دەکرێتە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیو عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان کە ئێستا سکرتێری ئەنجومەنەکەیە، بەرپرسیاریەتیی ژمارەیەک دۆسیەی تایبەتو ستراتژیی وڵاتەکەی پێدەسپێردرێت.
ئهوهش ئاشكراكراوه، بەزویی پێکهاتەی ئەنجومەنە نوێیەکەی بەرگریی ڕادەگەیەندرێتو بەرپرسیاریەتیی ستراتیژی لەبواری سیاسەتەکانی بەرگریی وڵاتەکەدا لەئەستۆ دەگرێتو بەبەشێک لەڕێکخستنی نوێی حوکمڕانیی لەبواری بەرگرییو ئاسایشدا دادەنرێت.
لەسەردەمی شەڕی ئێرانو عێراقیشدا ئەنجومەنی باڵای بەرگریی هەبوو کە ئەرکی بەڕێوەبردنو بانگەشەکانی جەنگی لەئەستۆبوو، ئێستاش پێدەچێت دامەزراندنی ئەنجومەنی بەرگریی هاوتەریب لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بۆ جوداکردنەوەی لایەنی بەرگرییو ئەمنی لەسەردەمی شەڕدابێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی لەناوشەڕدا دەبینێت.
هاوکات باس لەوەشدەکرێت، ئەگەری هەیە بەسپاردنی ئەرکی جودا بەهەردوو ئەنجومەنە هاوتەریبەکە، کۆماری ئیسلامی خۆی بۆ ئەگەری گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپیو بڕیاری ئێران بۆ دەرچون لەپەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (ئێن.پی. تی.) ئامادەبکاتو لەوبارەدا ئەنجومەنی بەرگریی بتوانێت کڵاوەی ئەتۆمیو موشەکی دوربڕی بالیستی تا مەودای چوار هەزار کیلۆمەتر دروستبکات.
لهوبارهیهوه عەلی سەعیدی بەڕێوەبەری نوسینگەی عەقیدەیی سیاسیی خامنەییش ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، دوای ڕوداوەکانی ئەمدواییە، دەبێت بەسیستمی بەرگریی-ئەمنیو پاراستنی سنورەکاندا بچنەوەو پەرە بەچاودێرییە هەواڵگرییەکان بدەن.
