قەیرانی جێنشینی‌و چارەنوسی نادیارى ئێران

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3030 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕاپۆرتى شارپرێس:

ماوەیەک لەمەوبەر، وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کێ لە ئێران دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، سادە بوو. ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕابەری باڵاى کۆماری ئیسلامی، کەسایەتییەک بوو کە بەجۆرێک ئیرادەی نەک تەنها لەلایەن فەرماندە سەربازییەکان‌و سەرۆکەکانەوە، بەڵکو لەهەموو پێکهاتەی دەسەڵاتیشدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، بەڵام ئێستا دوای 46 ساڵ لەسیستەمی ویلایەتی فەقیه‌و لەسایەی پێشهاتە قووڵە سیاسیی- سەربازییەکانی ئەمدواییە، ئاسۆی حوکمڕانی لەئێراندا تاریک‌و ناڕون بوە.


شەڕێک کە یەکێتیی دروستنەکرد
شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل لەسەرەتادا واى بیرلێدەکرایەوە کە دەرفەتێک بێت بۆ یەکگرتویی ناوخۆیی، دوژمنێک کە بۆ ماوەیەکی کورت کەلێنە سیاسییەکانى پڕکردەوە، بەڵام ئاگربەستی 24ی حوزەیران نەوەک هەر ئەم یەکگرتوییەی نەهێشت، بەڵکو بوە خاڵی دەستپێکی پچڕانێکی قوڵتر، ناکۆکیی لەسەر ئاراستەی داهاتوی دەسەڵات، پرسی جێنشینی‌و ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان، دژایەتییە ناوخۆییەکانی حکومەتی ئاشکراکردوە.

سەرکردایەتییەکی کاڵبوەوە
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئێستا بە دەگمەن لەبەردەم خەڵکدا دەبینرێت‌و وتارەکانیشی لەهەموو کاتێک کورتترن، هەوڵەکانی بۆ پێناسەکردنەوەی ڕابەرایەتى لەقاڵبی ناسیۆنالیستی – وەک ژەنینی سرودی نەتەوەیی ئەی ئێران لەبۆنە ئایینییەکان – زیاتر نیشانەی داکشانی کاریگەریی نەریتی ڕۆحانییەکانە‌و هەوڵدان بۆ پاراستنی پێگەی کۆمەڵایەتییە نەک چاکسازییەکی پێکهاتەیی ڕاستەقینە.

لەهەمانکاتدا، دوبارە دانانەوەی کەسایەتییەکانی وەک ئەحمەد جەننەتی تەمەن 99 ساڵ، کە بێبایەخکردنی داواکاری گشتییە بۆ چاکسازیی‌و زیادبونی سەرکوتی سیاسییە، ئەوە دەردەخات کە ئایەتوڵڵا خامنەیی تواناو دەرفەتی گۆڕانکاریى نییە.

گەمەکارەکان لەبۆسەدا
لەبۆشاییەى لەڕابەرایەتیدا دروستبوە، سوپای پاسداران زیاتر خۆی وەک میحوەری دەسەڵات دەبینێت، فەرماندە سەربازییەکان کە لەماوەی شەڕی ئەمدواییەدا دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان بەدەستهێنا، ئێستا لەدۆخێکدان کە بەشێوەیەکی کاریگەر دەستبەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا بگرن، بەڵام گەندەڵی پێکهاتەیی، ڕکابەرییە ناوخۆییەکان‌و ئاشکراکردنی کاریگەرییەکانی ئیسرائیل لەسەر سوپای پاسداران، شەرعیەتی دامەزراوەکانى لاوازکردوە.
لە لایەکی دیکەوە کەسایەتییەکانی وەک حەسەن ڕوحانی و عەلی لاریجانی و مەحمود ئەحمەدی نژاد خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات ئامادە دەکەن. هەریەکەیان بنکەیەکی کۆمەڵایەتی و پاشخانی سیاسی و دیدگای جیاوازیان هەیە؛ بەڵام هێشتا هیچیان نەیانتوانیوە کۆدەنگی یان پشتگیرییەکی فراوانی گشتی بەدەستبهێنن.


فشار لەخوارەوە، سەرلێشێواوی لەسەرەوە
میر حسێن موسەوی- سەرۆکوەزیرانی پێشوو و سەرکردەی جوڵانەوەى سەوز- بە بەیاننامەیەک کە پشتیوانی لە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ دەکات، دووبارە گەڕاەوەتەوە گۆڕەپانى سیاسی. بەڵام لە کۆمەڵگایەکدا کە گەنجان داوای پچڕانی بنەڕەتی لەگەڵ ڕابردوو دەکەن، بە گومانەوە سەیرى کەسایەتییەکانى ئۆپۆزسیۆن دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆک مەسعوود پزیشکیان – کە بە دروشمى ئاشتەوایی نیشتمانی و دیالۆگ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن هاتە سەر دەسەڵات – بەهۆی قەیرانەکانی ناوخۆوە (وەک پچڕانی کارەبا و کەم ئاوى) زیاتر نیشانەی ئیفلیجی بەڕێوەبردنە نەک هیوایەک بۆ گواستنەوە و گەڕانەوەی سەرمایەی دەرەکی.

ڕوانگەی بیانی: مانەوە یان گۆڕانکاری؟
سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیش لە هەمان سەرلێشێواویدا گیرۆدەیە. دوای شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و شۆکی هاتنە ناوەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ناو ململانێکان، تاران ستراتیژی ناوچەیی خۆی لە مانەوەدا سنووردار کردووە. لێدوانەکانی عەباس عەراقچی سەبارەت بە ئامادەیی بۆ دانوستان و تەنانەت ئەگەری واژۆکردنی پەیماننامەی دەستدرێژی نەکردنە سەر ئیسرائیل، نیشانەی گۆڕینی تۆنی گوتارە توندەکانە. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا سەرکردەیەک هەیە کە توانا و ئیرادەی هەبێت لە ساتێکی وادا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات؟

ئەنجام
ئێران ئێستا زیاتر لە جاران ڕووبەڕووی قەیرانی جێنشینی و بۆشایی دەسەڵات بووەتەوە. ئەو سەرکردەیەی کە سەردەمانێک جێی مشتومڕ نەبوو، خەریکە لە سێبەردا کاڵ دەبێتەوە. دامەزراوە سەربازییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان هەموویان ئەزموونی ڕۆڵی نوێ دەکەن. بەڵام هیچیان دیدێکی ڕوون بۆ داهاتوو پێشکەش ناکەن. پرسگەلێکى گرنگ لە پێشە کە یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام ڕەنگە هیچ کارەکتەرێک نەمێنێت کە بڕیاریان لەسەر بدات.