شارپرێس:
دواى تۆمه‌تباركردنى شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده به‌ده‌ستپێشخه‌رى بۆ ئاڵۆزیه‌كانى ئه‌مشه‌وى دێرحافر له‌پارێزگاى حه‌له‌ب، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) وه‌ڵامێكى توندى وه‌زاره‌تى به‌رگریى سوریا ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هێزەکانمان مافی بەرگری لەخۆیان لەبەرامبەر هێرشەکان بەکارده‌هێنن".
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکه‌ینه‌وه کە لەلایەن بەشی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی حکومەتی سوریا سەبارەت بهشهڕڤانمان بڵاویانكردوه‌ته‌وه".
هه‌سه‌ده ده‌ڵێت:"ژماره‌یه‌ك گروپ‌و هێزى چه‌كدار هه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ى یاسا‌و دیسبلینه سه‌ربازیه‌كان مامه‌ڵه دهكهنو به‌ئاشكراش ده‌ڵێن كه سه‌ر به‌هێزەکانی حکومەتی سوریان، ئه‌وانه‌ش ئه‌و چهكدارو گروپانه‌ن به‌ئاشكرا بەردەوامن لەئیستفزازیو هێرشە دوبارەکانیان بۆسەر ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ژێر كۆنترۆڵى شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌دان".
ڕاشیگه‌یاندوه، "شەممە، کاتێک ئەو چهكدارو گروپانه بەبێ پاساو هێرشیانكرده‌سه‌ر شه‌ڕڤانانمان، هێزەکانمان مافی تەواوی خۆیان لەبەرگریکردنو وەڵامدانەوە بەکارهێنا".
جه‌ختیشده‌كاته‌وه، "هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگریى حكومه‌تى سوریا بۆ شێواندنی ڕاستییەکان‌و چەواشەکردنی ڕای گشتیی، خزمەت بەئاسایشو سەقامگیریی ناکات، هاوکات هێزەکانمان ئەوپەڕی دانبه‌خۆداگرتن لەبەرامبەر هێرشو ئیستفزازیه دوبارەبوەکانی ئەو گروپه چه‌كدارانه‌دا به‌كارده‌هێنن، کە لەماوەكانى ڕابردوش بەردەوامبون لەهەڵکەندنی خەندەقو گواستنەوەی چەکدارەکانیان بۆ ئه‌و ناوچه‌یه".
هه‌سه‌ده له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا نوسیویهتى، "لەکاتێکدا ئێمە جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لەئاگربەست دەکەینەوە، داوا لەدەزگا پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەتی سوریا دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆبگرنو ئه‌و گروپه چه‌كدارانه ئاگاداربكهنهوهو كۆنترۆڵیان بكه‌ن".
