نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى موچه‌ى مانگى شه‌شى موچه‌خۆرانى هه‌رێمه‌وه‌

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، دڵنیایی ده‌دات، هیچ گرفتێک بۆ ڕێککەوتنه‌كه‌ى هەرێم‌و بەغدا دروستنەبوە، ده‌شڵێت:"ڕێوشوێن بۆ خەرجکردنی موچە تەواوکراوەو حکومەتی هەرێمیش ئامادەی جێبەجێکردنی هەموو پابەندییەکانە، دەبێت بەغدا موچەی مانگی شەش بنێرێت".


شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، "ناوی ئەوکەسانەمان لایە کە بەرپرسن لەهێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، پێویستە حکومەتی عێراق لێپرسینەوە لەو هێرشکارانە بکات".

شاخەوان عەبدوڵڵا ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "حکومەتی هەرێم بەفەرمی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی، ئامادەیی هەیە نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکات، لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریکاش کۆبونەوەتەوەو ئەوان پێیانوایە، نابێت حکومەتی عێراق درێژە بەکێشەکانی موچە بدات، هاوکات فشارێک هەیە بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لەهەناردەکردنەوەی نەوت".

سه‌باره‌ت به‌ناردنی موچەی مانگی شەش، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جه‌ختیكرده‌وه‌، "ڕێکارەکان لەلای ئێمە تەواوبوە، ئەوەی ماوەتەوە لەلای حکومەتی عێراقە، من پێموایە کێشەی نەناردنی موچە سیاسییە نەک تەکنیکی، ئەوەتا موچەی مانگی پێنجیان بەبێ بڕیاری دادگای فیدراڵ نارد، لەکاتێکدا سەرەتا بیانویان ئەوەبوو کە دەیانوت، دەبێت بڕیارەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پێمان بگات پاشان موچە خەرجدەکەین، بەڵام واشنەبوو".

ئه‌وه‌شى باسكرد، "حکومەتی عێراق خۆیان بەدواداچونیان بۆ کێڵگە نەوتییەکانی سەر بەهەرێم کردوەو ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی لەلای حکومەتی عێراق دیارو ئاشکرایەو دەزانن لەئێستادا چەند بەرمیل نەوت لەکێڵگەکان بەرهەمدێت".

له‌باره‌ى هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمیش، شاخەوان عەبدوڵڵا وتی:"حکومەتی عێراق دەزانێت کێ هێرشەکانی کردوە، بۆیە پێویستە سزای ئەوان بدەن، نەوەک سزای خەڵکی کوردستان، ئێمە ناوەکانمان لایە، دەزانین چ گروپێکن، لەماوەی 4 ڕۆژدا لە 14ی مانگ تاوه‌کو 18ی مانگ، 14 درۆنیان ئاڕاستەی هەرێم کردوە، ئێستا چەند بەرهەم هەیە، هێندە نەوتە ڕادەستدەکرێت، کاتێک کێڵگەکان کەوتنەوەکارو بەرهەمەکان زیادبون، بەرهەمی زیاتر ڕادەستدەکرێت".

ئه‌وه‌شى وت:"لەبودجەی 2026، گۆڕانکاریی لەبەشی هەرێم دەکرێت، پێویستە موچەی مانگی شەش خەرجبکرێت، لیژنەکان کاری خۆیانکردوەو حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە نەوت ڕادەستبکات".