بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
102 ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 تێدەپەڕێت، کە کۆتایی بە یەکەم خەونی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ هێنا. ئەم خەونە کە لە ساڵی ١٩٢٠دا لە سنووری بەدیهاتن لە پەیماننامەی سیڤەر نزیک ببۆوە، بەڵام دواتر و لە پەیماننامەی لۆزان کورد لە نێوان چوار وڵاتی گەورەدا دابەش بوو: تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران، بێ قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتوو یان نوێنەرایەتییەکی یەکگرتووی نێودەوڵەتی. یادی 102 ساڵەی پەیمانی لۆزان پرسیاری بنەڕەتی سەبارەت بە واقیعی ئەمڕۆی کورد دەوروژێنێت تایبەت بەوەی کە ئایا کورد دواجار سەرکەوتوو دەبێت لە تێپەڕاندنی ئەم دابەشکارییە مێژووییەی نێوان هێزە سەرەکییەکان و بنیاتنانی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو و دروستکردنی سەرکردایەتییەک بە دیدێکی ستراتیژییەوە، یان هەر وەک بارمتەی جوگرافیا و سیاسەتی ناوچەیی دەمێنێتەوە؟
1. لە سێڤەرەوە بۆ لۆزان: ساتێکی مێژوویی ونبوو و گۆڕانی بەرژەوەندییەکان
ساڵی 1920 و دوابەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، پەیمانی سیڤەر مافی چارەی خۆنووسینی بە کورد بەخشی و تەنانەت ساڵێک مۆڵەتی پێدرا بۆ ئەوەی داوایەکی فەرمی پێشکەش بە کۆمەڵەی گەلان بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان. ئەم ساتە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی کورد دەستەبەر کرد، بەڵام ئەم هیوایانە بەدەرکەوتنی مستەفا کەمال ئەتاتورک بە خێرایی بەهەڵم بوون و کاڵبوونەوە. ئەتاتورک توانی سوپای شکستخواردووی عوسمانی پێکبهێنێتەوە و سەرکەوتنی سەربازی و سیاسی یەکلاکەرەوە بەرامبەر زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بەدەستبهێنێت، ئەمەش بووە هۆی پێداچوونەوەی هەمەلایەنە بە ڕێکخستنەکانی ناوچەکەدا. گۆڕانی دراماتیکی لە سێڤرەوە بۆ لۆزان دەرەنجامی چەند هۆکارێک بوون لەوانە:
أ. سەرهەڵدانی کەمالیزم و چەسپاندنی کۆماری تورکیا: ئەتاتورک توانی دیدگای خۆی بۆ دەوڵەتێکی مۆدێرنی تورکیا بسەپێنێت کە سنوورەکانی بە ڕوونی دیاریکرا لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمێکی بەهێزی تورکیا. ئەم سەرهەڵدانەش هاوسەنگی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕی و زلهێزەکانی ڕۆژئاوای ناچارکرد ستراتیژییەکانی خۆیان هەڵبسەنگێننەوە.
ب. گۆڕینی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا: دوای ئەوەی زلهێزە ڕۆژئاواییەکان هەوڵیان دا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەڵبوەشێننەوە و پشتیوانی لە کەمینەکان بکەن، هەر زوو ئەولەویەتەکانیان گۆڕا بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی سەقامگیر لەگەڵ کۆماری تورکیای تازەپێگەیشتوودا. ڕۆژئاواییەکان تورکیایان وەک هاوپەیمانێکی ئەگەری و لەنگەری پێویست بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەبینی و پێیان باش بوو دەستبەرداری بڕگەکانی سیڤەر بن سەبارەت بە پرسی کورد.
ج. هەڵوەشاندنەوەی خودی بەرەی کوردی: لەو ساتە چارەنووسسازەدا سەرکردایەتی کورد یەکگرتوو نەبوو. سەرکردەکانی کورد دابەشببوون، هەندێکیان بە هۆکاری سیاسی، ئابووری، یان هۆزگەری لایەنگری تورک بوون و پێگەی دانوستانکاری کوردیان لاواز کرد و دەنگێکی یەکگرتووی هاوبەشیان نەبوو.
2. چرکەساتی هاوچەرخی کورد: داکشان و کشانەوە
لە ساڵی ٢٠٢٥دا، کورد زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر دابەشکراوتر و کەمتر توانای کاریگەری لەسەر دیمەنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە. سەرەڕای ئەو قوربانییە زەبەلاحانەی لە ململانێ جۆراوجۆرەکاندا داویەتی، بەتایبەتی لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، دەستکەوتەکانیان ناجێگیرن و ئەگەری لە دەستدانیان هەیە. دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم داکشان و کشانەوەیە لە ئامانجە نیشتمانییە بەرفراوانەکان بریتین لە:
أ. هەڵوەشاندنەوەی پارتە سیاسییەکان و بچوک بوونەوەی خواستەکانیان: پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای قۆناغبەندیەكانی خەبات ئێستا چوەتە قۆناغێكی هەستیارەوە ئەگەری کۆتایی هاتنی چالاکیی چەکداری بوەتە پرسی یەكلاكردنەوەی داخوازییەكانی مانەوە و پێداگری لە داواکارییەکانی لە مافی فەرهەنگی و لەناو دەوڵەتی تورکیا. ئەم گۆڕانکارییە، هەرچەندە هەنگاوێکە بەرەو ڕیالیزمی سیاسی و واقیع بینی دروستە، بەڵام ڕەنگدانەوەی لەبیری خەڵكدا رەنگە وێنای بۆ داکشانی سەقفی خواستە نەتەوەییەکان لێدانەوەی بۆ بكرێت.
ب. کوردانی سوریا سەرباری ئەو هەموو بەرەوپێشچوون و راگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ ئاراستەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و خۆراگریانەیان، بەڵام هەست بە پەراوێزخستنی نێودەوڵەتی دەكرێت، ئەمەش سەرەڕای بوونی ئیدارەیەکی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا) کە ناوچەیەکی فراوانی کۆنتڕۆڵکردووە و بە پشتیوانی ڕۆژئاوا سەرکردایەتی شەڕی داعشی کردووە، کوردی ڕۆژئاوا لەبەرامبەر ئەو بەرەو پێشچوونانەیان هەست بە پەراوێزخستنی نێودەوڵەتی دەكەن. دیارە هەموو ئەوانەش بە فشاری بەردەوامی تورکیا دەورە دراون لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لە لایەکی دیکەشەوە لە لایەن ئەمریکاوە لەژێر فشاردن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع کە پێگەی یاسایی و سیاسییان ناسەقامگیر دەکات.
ج. لەدەستدانی هەژمون لە ئێران: پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI) و کۆمەڵەكان، تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی ئەو گوشارانەی لەسەریانەو ژیانی ئۆردوگانشینی وەك جاران بنكەی جەماوەری و سەربازییان لەناو ئێراندا نەماوە. ئەم لایەنانە سەرباری ئەوەی لە چەندین جار بۆ مانگرتنی سەرتاسەری شارە كوردیەكان سەركەوتوبن، بەڵام لەناو قۆڵایی ئێران كەمترین كاریگەیارن هەبوەو زیاتر چالاکییەکانیان لە سەر سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکوردییەکانی ڕۆژهەڵات بوە، بەمەش توانای کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئێران لاوازە بووە.
د. لاوازی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی کوردستان: هەرێمی کوردستانی عێراق سەردەمانێک وەک مۆدێلێکی ئومێدبەخش بۆ کوردانی پارچەکانی دیکە تەماشا دەکرا. بەڵام ئەمڕۆ دووچار بە دابەشبوونێکی توند بۆتەوە لە نێوان هەردوو پارتی سەرەکی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. ئەم دابەشبوونە بووەتە هۆی پەکخستنی دامەزراوەکان، دروست کردنی گەندەڵی ئیداری و دارایی بەربڵاو، کەمکردنەوەی خزمەتگەزارییەکان و لەکارخستنی دامودەزگا فەرمییەکانی وەک پەرلەمان. لە لایەکی دیکەوە ئەم ئەزمونی خۆبەڕێوەبەرییە لە باشوور، هەرێمی کوردستانی قەرزردار کردووە و کێشەی ئابووری دروستکردووە و دەرفەتی دەستێوەردانی ناوچەیی ڕەخساندووە بە شێوەیەک کە تا دێت سنووردارەکانی بچوکتر دەکاتەوە.
3. لۆزانی نوێ؟ ئیسرائیل و دروز و کورد
دەرکەوتنی ئیسرائیل وەک ئەکتەرێکی نوێ لە پرسەکانی کەمینەکانی ناوچەکەدا، وەک پاڵپشتیکردنی لە پرسی دروزەکان لە سویدای سوریا، ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە ئایا ئەم وڵاتە ڕۆڵێکی هاوشێوەی ڕۆڵی فەرەنسا و بەریتانیا لە پەیماننامەی سیڤەر ناگێڕێت؟ بۆ تێگەیشتنی باشتر لەو ڕۆڵەی ئیسرائیل دەیگێڕێت پێویستە ئەم خاڵانە لە برچاو بگیریت:
أ. نەبوونی هیچ بەرژەوەندییەکی ڕاستەقینەی نێودەوڵەتی لە بوونی دەوڵەتی کوردیدا: سەرەڕای هەندێک لێکنزیکبوونەوە بە پێی هەلومەرجی ناوچەکە، زلهێزەکان تەنانەت ئیسرائیلیش ئامادە نین پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان بخەنە مەترسییەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی. بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئێستای زلهێزەکان لەگەڵ دووبارە کێشانەوەی ڕیشەیی سنوورەکانی ناوچەکەدا ناگونجێت.
ب. ئەولەویەتە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل: ئەولەویەتەکانی ئیسرائیل بە پلەی یەکەم لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل، هەڕەشەکانی ئێران وشەڕی غەززە بنیاتنراوە و پشتیوانی لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ناچێتە چوارچێوەی ئەولەویەت ستراتیجییە گەورەکانی ئیسرائیلەوە.
ج. پشتیوانی ئیسرائیل تاکتیکییە: هەر پاڵپشتییەک کە ئیسرائیل پێشکەشی کەمینەکانی ناوچەکەی بکات، بە کوردیشەوە، تەنها تاکتیکییە، ئامانجی گەیشتن بە ئامانجە کورتخایەنەکان یان لاوازکردنی ڕکابەرە ناوچەییەکانە و هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژی درێژخایەن بە ئامانجی گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەکە لە بەرژەوەندی کورد لە ئارادا نییە.
4. ئاڵنگاری ناوخۆیی: قەیرانی سەرکردایەتی کورد و دابەشکردنی پڕۆژەی نیشتمانی
مەترسیدارترین ئاڵنگاری ئەمڕۆ لەبەردەم کورددا بوونی دوژمنی دەرەکی نییە، ئەوەندەی نەبوونی پڕۆژەیەکی یەکگرتوو و دووبەرەکی قووڵە لەناو هێزە کوردییەکاندا. ئەم ئاڵنگارییە ناوخۆییە هەر دەرفەتێک بۆ خستنەڕووی دیدێکی یەکگرتوو بۆ جیهان یان سوودوەرگرتن لە دەرفەتە جیۆپۆلیتیکییەکان تێکدەدات:
أ. نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی کورد: بە پێچەوانەی قۆناغی پێش پەیماننامەی سیڤەر، کە کەسایەتییەکانی وەک شەریف پاشا هەوڵی نوێنەرایەتیکردنی کوردییان دەدا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەمڕۆ کورد بەدەست نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو کە خاوەن دیدگایەکی ستراتیژی هەمەلایەنەی بێت، دەناڵێنێت.
ب. پەرشوبڵاوی هێزە چەکدارەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکانیان: ئێستا زۆرێک لە هێزە کوردییەکان جگەلەوەی تاڕادەیەکی زۆر تۆمەتبارن بەوەی لەژێر کاریگەری زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندان، لەهەمانكاتیشدا لەهەندێك شوێن و زەمەندا بەرەو رووی یەك وەستاونەتەوە و ئەم هۆكارانەش سەربەخۆیی بڕیاردانیان سنووردار دەکات و دەیانکاتە ئامراز لە ململانێ فراوانترەکاندا.
ج. قبوڵکردنی پەیماننامەی لۆزان لە لایەن دەستەبژێرە سیاسییە کوردییەکانەوە: هەندێک لە دەستەبژێرە سیاسییە کوردییەکان، لەوانەش ئەو پارتانەی کە پێشتر بە چەپ یان شۆڕشگێڕ دادەنران وەک پەکەکە، لە هەندێک لایەنی گوتاری ئێستایدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستیان کردووە بە قبوڵکردنی ئەو ڕێسایانەی لۆزان کە ئینکاری خواستە نەتەوەییەکان دەکات و خەونەکان لە بەدواداچوونکردن بۆ مافە کولتووری و ئیدارییەکان لە چوارچێوەی سنووری وڵاتانی داگیرکەردا سنوورداردەکات.
5. ئەردۆغان و فیدان: ئەتاتورکی نوێ بە کەرەستەی مۆدێرن؟
وا دیارە تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری و وەزیری دەرەوەی ئێستای تورکیا هەوڵدەدەن ئەوەی سەدەیەک لەمەوبەر ئەتاتورک کردی، دووبارەی بکانەوە، بەڵام بە کەرەستەی مۆدێرن و ئاڵۆزتر:
أ. توانی هەواڵگری لەبری هێزی سەربازی: تورکیا چیتر لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد تەنها پشت بە هێزی سەربازی ڕاستەوخۆ نابەستێت. هاکان فیدان وەک کەسێکی هەواڵگری، ئەندازیاری چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە سوریا و عێراق بە بەکارهێنانی ئامرازە هەواڵگرییە ئاڵۆزەکان، لەوانە دزەکردن، کۆکردنەوەی زانیاری، تیرۆرکردن و دروستکردنی دابەشکارییە ناوخۆییەکان.
ب. کۆنتڕۆڵکردن لەبری لەناوبردنی ڕاستەوخۆ: بە بەراورد لەگەڵ سیاسەتەکانی پێشوو کە پشتیان بە سەرکوتکردن و لەناوبردن بەستبوو، ئەمڕۆ تورکیا سیاسەتێکی ئاڵۆزتری کۆنتڕۆڵکردن پەیڕەو دەکات. نەک هەر هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات، بەڵکو دابەشبوونی ناوخۆی کورد دەقۆزێتەوە و ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ بەشێک لە هێزە کوردییەکان دەکات بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆی و ڕێگریکردن لە پێکهێنانی هەر قەوارەیەکی یەکگرتووی کوردی لەسەر سنوورەکانی.
ج. دروستکردنی ناوچەی پاراستن: سیاسەتی مۆدێرنی تورکیا ئامانجی دامەزراندنی ناوچەی هەژمون یان پەرێزی ئاسایشە لەسەر سنووری باشووری خۆی و دابڕانی ناوچە کوردییەکانە لە یەکتر و دانانییەتی لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی تورکیادا.
6. دەرەنجام: کورد لە نێوان سەنگەری واقیع و چەقۆی مێژوودا
102 ساڵ دوای لۆزان، کورد وەک دیلێکی ساتێکی مێژوویی ونبوو لە نێوان سیڤەری خەون و لۆزان واقیعیدا دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا پێدەچێت پرۆژەی نەتەوەیی کورد لە داکشانێکی بەرچاودا بێت، نەخشەی پشێوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ نیشانەیەک بۆ بوژانەوەی خەونی دەوڵەتی کوردی لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشکەش ناکات، بەتایبەتی لەگەڵ نەهاتنەوەی ئەو خەونە لەسەر ئاستی ناوچەکە (تورکیا، ئێران، و سوریا) و ڕەتکردنەوەی نێودەوڵەتی بۆ هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بۆ سنوورە هەنووکەییەکان.
گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم کورد دەرەکی نییە، بەڵکو ناوخۆییە و خۆی لە دۆزینەوەی وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارەدا دەبینێتەوە: چۆن بەسەر نەفرەتی دابەشبوونی مێژوویی و بەرژەوەندییە لۆکاڵییەکانی هێزەکاندا زاڵ ببێت و ببێتە خاوەن پڕۆژەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو لەسەر بنەمای دیدگایەکی هاوبەشی ستراتیژی.