شارپرێس:
ئەمڕۆ شەممە تەندروستیی غەززە ئاشكرایكرد، چەندین بارهەڵگر دەرمانو پێداویستی پزیشکیی لەڕێگەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە گەیشتونەتە کەرتی غەززە، جەختیشیکردوهتەوە، بارەکان هیچ مادەیەکی خۆراکییان تێدانییە.
وەزارەتەکە داوای لەهاوڵاتیانو کەسایەتییو خێزانەکانو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە، هەموو هەوڵێکیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی کاروانەکەو ڕێگریکردن لەهێرشکردنەسەر بارهەڵگرەکان، بۆئەوەی بەسەلامەتیی بگەنە نەخۆشخانەکان بۆ ڕزگارکردنی گیانی نەخۆشو بریندارەکان.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە قەیرانی خۆراکو هەواڵی تاڵانکردنی ئەو بارهەڵگرانەی یارمەتییەکان دەگەیەننە غەززە لەنزیک دەروازەی کەرم ئەبوو سالم زیادیکردوە، لەکاتێکدا مەترسی برسێتی بەهۆی گەمارۆی بەردەوامی ئیسرائیل، هەڕەشە لەژیانی دانیشتوانەکەی دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا، ئیسرائیل دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، 126 باری خۆراکیی لەڕێگەی ئاسمانەوە بەسەر غەززەدا فڕێدراون، بەبەشداریی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا، ئوردن، میسرو ئیمارات.
فلیپ لازارینی کۆمیسیاری ئاژانسی ئونروا ڕایگەیاندوه، پێیوایە کە فڕێدانی یارمەتییەکان لەڕێگەی ئاسمانەوە گرانو مەترسیدارەو داوای چالاککردنی یارمەتییە وشکانییەکانی کرد.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
