شارپرێس:
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرایكرد، نوێکردنەوەی زانیاریی كۆبونى خۆراك بۆ زیاتر لە36 ملیۆن هاوڵاتی لەچوارچێوەی کارتی کۆبۆنی خۆراکدا تەواوبوە، هەروەک کاتی دەستپێکردنەوەی ڕێکارەکانی سڕینەوەو زیادکردنیشى دیاریکرد.
محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتەکە ئهمڕۆ شهممه ڕایگەیاند، "ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە زانیارییەکانیان بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی پلاتفۆرمی پەسەندکراوی وەزارەتو لایەنی پەیوەندیدارەوە کە بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانو بەدواداچونە، نوێکردوهتەوە، گەیشتوەتە زیاتر لە36 ملیۆن هاوڵاتی بهگوێرهى نوێترین ئاماری فەرمی، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەکانی نوێکردنەوەی گشتگیری تۆمارەکانی هاوڵاتیانو دڵنیابون لەگەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بەوردیو دادپەروەرانەتر".
هەروەک وتویەتی:"هەموو ڕێکارەکانی سڕینەوەو زیادکردنو لابردنی بلۆکو گواستنەوە لەئێستادا بەشێوەیەکی کاتیی ڕاگیراون، ئەمەش لەچوارچێوەی پێداچونەوەیەکی ڕێکخراوەییە بۆ دڵنیابون لەوردبینیی زانیارییەکانو ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوە یان ساختەکاریی".
ئاماژەی بەوەشدا، "چاوەڕواندەکرێت ئەم ڕێکارانە دوای تەواوبونی وردبینیکردنی زانیارییە ناوەندییەکان دەستپێبکەنەوەو لەوانەیە کاتێکی دیاریکراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانو بەدواداچونەوە ڕابگەیەنرێت، کە هەموو ڕێکارەکانی تەواوکردوە بۆ ڕاگەیاندنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە یەک لەدوای یەک ڕادەگەیەنرێن."
حەنون جەختی لەوەکردەوە، "نوێکردنەوەی زانیارییەکان سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، لەوانەش پارێزگاکانی هەرێم کە ڕێژەی پێشکەوتویان لەنوێکردنەوەی زانیارییەکانیاندا بەدەستهێناوە، ئەمەش بۆ دڵنیابون لەگشتگیریی بانکی زانیاریی نیشتمانیو بەدەستهێنانی دادپەروەریی لەدابەشکردنی خزمەتگوزارییو شایستەکاندا".
