شارپرێس:
ڕاوێژکارێکی باڵای سەرۆکى ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕوسیا تەکنەلۆژیای درۆنی هێرشبەری "شاهید"ی ئێرانی داوەتە کۆریای باکورو لەبەرهەمهێنانی ئەوجۆرە درۆنەدا یارمەتیی پیونگ یانگ دەدات.
ئاندرێ یرماک سەرۆکی ئۆفیسی ڤلۆدمیر زیلنسکی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نوسیویهتى، "ئێمە بینەری گواستنەوەی تەکنەلۆژیای درۆنی جۆری شاهید-136 بۆ پیونگ یانگو هاوکاریکردنی ڕوسیا لەبەرهەمهێنانی ئەمجۆرە درۆنەو بەشداریی مۆسکۆ لەپەرەپێدانی بەرنامەی موشەکیی کۆریای باکورین".
شاهید-136ی جۆرێک درۆنی ئێرانییە کە بەتێچویەکی کەم بەرهەمدێتو لەجەنگی ئۆکرانیاو ڕوسیادا بۆ هێرشکردنەسەر ژێرخانەکانی ئۆکرانیا بەکارهاتوە.
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندوە، ئێران نەک هەر هەزاران درۆنی شاهید-136ی داوەتە ڕوسیا، بەڵکو کارگەیەکی گەورەشی بۆ بەرهەمهێنانی ئەوجۆرە درۆنە لەناو خاکی ڕوسیادا دامەزراندوەو هێزەکانی ڕوسیای بۆ بەرهەمهێنانی ئەوجۆرە درۆنە ڕاهێناوە.
کۆریای باکوریش لەساڵی ڕابردودا بەناردنی هێزی سەربازییو چەکی جۆراوجۆر بۆ ڕوسیا، لەجەنگی ئۆکرانیادا هاوکاریی مۆسکۆی کردوە.