شارپرێس:
كۆمسیۆنی ژینگە-كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەپەیامێكی هاوخەمیدا بۆ ئاگرەكەی هەڵەبجەو بنەماڵەی دوو شەهیدەكە ڕایگەياند،"دارستانەكانی كوردستان بەشێكن لەناسنامەو مێژوی خوێناویمان".
كۆمسیۆنی ژینگە-كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ناسراو بە كەنەكە لەڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت"پەیامی هاوخەمی و شکۆ بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای پاراستنی خاک و ژینگەی نیشتمان شەهید ئاری موختار و شەهید محەمەد شێخ حەیدەر قارەمانانی هەڵەبجەی هەمیشە زیندوو! دەنێرن".
كەنەكە دەشلێت،" بەدڵێکی پڕ لەخەم و لەهەمان کاتدا پڕ لەشانازییەوە، هەواڵی شەهیدبونی دوو ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان، شەهید ئاری موختار و شەهید محەمەد شێخ حەیدەرمان پێگەیشت. ئەم دوو لاوە نیشتمانپەروەرە، لە کاتێکدا گیانی پاکیان بەخشی کە بەگیانفیداییەوە لەسەنگەری پاراستنی دارستان و شاخەکانی پیرۆزی هەڵەبجەدا، بەرەنگاری ئاگری ڕق و نەزانی دەبوونەوە. ئەوان بە خوێنی گەشی خۆیان، وانەی فیداکاری و ئەرکی نەتەوەییان بۆ پاراستنی جوانی و ژینگەی کوردستان، جارێکی دیکە بۆ هەمومان نوسییەوە".
لەدرێژەی ڕاگەیاندراوەكەی كەنەكەدا هاتوە،" شەهیدبونی ئەم دوو قارەمانە، خەسارەتێکی گەورەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا، بەڵگەی زیندوی ئەو ڕاستییەیە کە گەلی ئێمە، پاراستنی سروشتی نیشتمانەکەی، وەک پاراستنی کەرامەت و شەرەفی خۆی دەزانێت. شاخ و داخ و دارستانەکانی کوردستان، تەنها جوگرافیایەک نین، بەڵکو بەشێکن لە ناسنامە و مێژووی خوێناوی و شکۆمەندی ئێمە".
جەختیش كراوەتەوە،" لەم بۆنە خەمناکەدا، وەک کۆمیسیۆنی ژینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشیی گەرمی خۆمان، ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تەواوی خەڵکی خۆڕاگری هەڵەبجە و گشت گەلی کوردستان دەکەین".
ش.ح
