ورده‌كاریى ڕوداوه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوى سنورى دهۆك

کوردستان

03/09/2025‌ 5901 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شه‌وى ڕابردوو لەشێخان تۆمەتبارێکی مادەی هۆشبەر ڕوبەڕوی هێزە ئەمنییەکان بوەوە، لەئەنجامداو بەوتەی قایمقامی شێخان، دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستداوە، ده‌شڵێت، "یەکێک لەبریندارانی شەڕەکەی شەوی ڕابردوی قەزاکە، کچی ئەو تۆمەتبارەیە کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژراوه‌".


درەنگانی شەوی ڕابردوو لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە بەتۆمەتی بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر لەلایەن دادگا داواکراوبوو، تۆمەتبارەکە ڕوبەڕوی هێزەکانی ئاسایش بوەوەو لەئەنجامدا دوو كارمەندی ئاسایش شەهیدبون‌و تۆمەتبارەکەش کوژرا، هاوکات سێ كارمەندی هێزەکانی ئاسایش‌و کچێکی تۆمەتبارەکە کە تەمەنی 15 ساڵە برینداربون.

سەرچاوەیەک لەئاسایشی دهۆک به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "ئەوکەسەی تەقەی لەهێزەکانی ئاسایش کردوە بەتەنها نەبوەو ژمارەیەک کەسی دیکە دەستیان هەبوە لەتەقەکردن لەکارمەندانی ئاسایش‌و دادوەر بڕیاری دەسگیرکردنی دەرکردون".

هەرسێ بریندارەکەی کارمەندی ئاسایش نەشتەرگەرییان بۆکراوەو لەژێرچاودێریی پزیشکیدان، کچی تۆمەتبارەکەش کە برینداربوە کەسوکارەکەی بردویانەتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت.

هەر دوای ڕوداوەکە سەردار شێخ یەحیا قائیمقامی قەزای شێخان ئاشكرایكردوه‌، زیاتر لەساڵێك بوو هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش بەدوای ئەو تۆمەتبارەدا دەگەڕان كە بەتۆمەتی بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر لەلایەن دادگاوە داواكراوبوو.

وتیشی، "ئەمشەو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان زانیارییان هەبوە تۆمەتبار بەشداربوە لەئاهەنگێك‌و چوەتە نێو هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لەقەزای شێخان، دوای كۆتاییهاتنی ئاهەنگەكە، هێزەكەی ئاسایش هەوڵیانداوە تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن‌و تۆمەتبارەكەش ڕاستەوخۆ دەستڕێژی گوللـەی لەهێزەكە كردوەو بەو هۆیەوە دوو كارمەندی ئاسایش شەهیدبون سێ كارمەندی دیكەش زامداربون".

بەپەلە