شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی سایتی نۆردیک مۆنیتەری سویدیی، تورکیا بەشێوەیەکی چڕتر هەناردەی بەرگرییو هاوکارییە سەربازییەکانی وەک ئامرازێک بۆ پشتیوانیکردنی سیاسەتی دەرەوە بەکاردەهێنێت، لەهەمانکاتدا بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئەردۆغانو خێزانەکەی مسۆگەر بکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، یەکێک لەنزیکترین نمونەکان بریتییە لەپێدانی کەشتییەکی جەنگیی لەلایەن تورکیاوە بۆ دورگەکانی ماڵدیڤ، لەهەمانکاتدا، تورکیا دەستی بەفرۆشتنو بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگیی دروستکراوی تورکی کردوە کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەرهەمدەهێنرێنو خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خێزانی زاواکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
ئەوەش هاتوە، "ئەو کەشتییە جەنگییەی حکومەتی ئەردۆغان بەماڵدیڤی بەخشیوە، لەساڵی 1980وە لەسوپای تورکیا خزمەتیکردوە، پاشان نۆژەنکراوەتەوەو چاککراوەتەوە تاوەکو ببێتە هۆکارێک بۆ مامەڵەی گەورەتری سەربازیی لەبەرژەوەندیی خێزانی ئەردۆغانو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان، ئەمەش وایکردوە کە زاواکەی ئەردۆغان کە خاوەنی کۆمپانیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایرەقدارە، شەش سیستەمی لەو فڕۆکانە بەماڵدیڤ بفرۆشێت بەبەهای زیاتر لە 37 ملیۆن دۆلار".
ڕاپۆرتەکە باسی لەوەکردوە، "تورکیا لەساڵی 2011وە زیاتر لەملیارێک دۆلار هاوکاری پێشکەش بەوڵاتی سۆماڵ کردوە، لەوانەش پێدانی پارە بۆ پڕکردنەوەی پابەندییەکانی وڵاتەکە بەرامبەر بەسندوقی نەختی نێودەوڵەتی".
لەهەمانکاتدا، ئەنكەرە ئامادەیی سەربازیی خۆی فراوانکردوەو گرێبەستی گەورەی بەکۆمپانیا تورکییەکان بەخشیوە.
ڕەخنەگران پێیانوایە، ئەم شێوازە نیشانەی ئەوەیە کە چۆن هاوکارییو فرۆشی بەرگریی تێکەڵدەبن بۆ دڵنیابون لەکاریگەرییەکی درێژخایەن، بەتایبەتی کە زۆرجار کۆمپانیا تورکییەکانی نزیک لەحکومەت سودمەند دەبن.
