زیلێنسكى هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر پوتن

جیهان

06/09/2025‌ 2710 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زیلێنسكى هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر پوتن‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "با سه‌رۆكى ڕوسیا بێت بۆ کیێڤ، من ناچمە مۆسكۆ، چونكه‌ پایتەختی ئەو تیرۆریستە".


ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پێشنیازێکی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕوسیای بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەمۆسکۆ ڕەتکردەوەو لەبەرامبەردا ڕایگەیاند، "پوتن دەتوانێت بێت بۆ کیێڤ".

دوێنێ هەینی،  ڤلادیمێر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پێشنیازەکەی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیای بۆ سەردانیکردنی مۆسکۆ بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی ڕەتکردەوە.

زیلێنسکی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مارسا راداتز پەیامنێری تۆڕی (ئەی بی سی نیوز)ی ئەمریکی، بۆ یەکەمجار باسی لەو پێشنیازە کرد.

زیلێنسکی به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامى پوتنى دایه‌وه‌:"پوتن دەتوانێت بێت بۆ کیێڤ، من ناتوانم سەردانی مۆسکۆ بکەم لەکاتێکدا وڵاتەکەم ڕۆژانە ڕوبەڕوی بۆردومانی موشەکیی دەبێتەوە، ناتوانم بچمە پایتەختی ئەو تیرۆریستە، پوتن لەمە تێدەگات".

چاوپێکەوتنەکە لەشوێنی کارگەیەکی ئەمریکی لەڕۆژئاوای ئۆکرانیا ئەنجامدرا کە بەمدواییانە کرابوە ئامانجی هێرشێکی موشەکی ڕوسیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا به‌رده‌وامبوو له‌قسه‌كردن‌و ڕایگه‌یاند، "پوتن بەڕاستی بەدوای کۆبونەوەدا ناگەڕێت لەکاتێکدا بەردەوامە لەشەڕەکەی لەئۆکرانیا، پێشنیازەکەی پوتن تەنها ئامانج لێی دواخستنی کۆبونەوەکە بوە، ئه‌گه‌رنا من هه‌میشه‌ ئامادەم بەهەموو شێوەیەک بۆ كۆبونه‌وه‌".

سه‌رۆكى ئۆكرانیا ڕونیکردەوە، "پوتن یاری لەگەڵ ئه‌مریكا دەکات، ئەگەر کەسێک نەیەوێت لەکاتی شەڕدا کۆببێتەوە، بێگومان دەتوانێت شتێک پێشنیاز بکات کە نە لەلایەن من‌و نە لەلایەن کەسانی ترەوە قبوڵکراو نییە".

ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر، پوتن لەمیانی کۆڕبەندی ئابوریی ڕۆژهەڵات لەڕۆژی هەینیدا، ئامادەیی خۆی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ زیلێنسکی لەبەرزترین ئاستدا ڕایگەیاندو وتى، "ئەگەر سەرکردایەتیی ئۆکرانیا جدییە لەخواستی بۆ دانوستان، با بێن بۆ مۆسکۆ، ئێمەش 100% گەرەنتیی ئاسایشیان بۆ دابیندەکەین".

پوتن ئه‌وه‌شى وت، "ڕوسیا ئامادەیە گەرەنتیی ئەمنی تەواو پێشکەش بەزیلێنسکی‌و شاندی یاوەری بکات ئەگەر بڕیاریاندا بێن بۆ پایتەختی ڕوسیا".

بەپەلە