تائێستا ته‌رمه‌كه‌ى پزیشكى دادى سلێمانى نه‌ناسراوه‌ته‌وه‌

کوردستان

08/09/2025‌ 6317 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماوەی 16 ڕۆژە تەرمێکی سوتاو کە لەلالەزار دۆزراوەتەوە، لەپەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی هەڵگیراوەو هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرانەکراوەو ڕادەستی کەسیش نەکراوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوو خێزان بەمەبەستی پشکنینی DNA ناوی خۆیان تۆمارکردوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە ئایا ئەم تەرمە هی کەسوکارەکەیانە یان نا.


میدیاى پارتى نوسیویه‌تى، بەهۆی ڕوداوه‌كانى 22ى مانگى ڕابردوى شارى سلێمانى، نزیکەی 30 چەکدار لەهێزی دوپشک کوژران، هەرچی پەیوەستە بەژمارەی دەستگیرکراوان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، نزیکەی 163 کەس دەستگیرکراون، هاوکات بەشێکی دیکەشیان هێشتا چارەنوسیان نادیارە، ئێستا خانەوادەکانیان لەهەوڵدان سۆراغی کوڕەکانیان بکەن‌و لەچارەنوسیان دڵنیاببنەوە.

دوای هێرشەکەی سەر لالەزار، لەسەر پێشنیازی بەرزان محەممەد بەڕێوەبەری پزیشکی دادی سلێمانی ئاگادارییەک بڵاوکرایەوە کە تێیدا داوا لەو خانەوادانە کرا کە کەسێکیان لەو شەڕەدا بێسەروشوێنە، سەردانی پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی بکەن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA، بەئامانجی ئاشکراکردنی ناسنامەی تەرمە سوتاوەکە.

ئه‌وه‌ش زانراوه‌، کۆمەڵێک خێزان خۆیان بۆ ئەو پشکنینە ناونوسکردوە، تائێستاش دوو خێزان پشکنینی DNAیان ئەنجامداوەو چاوەڕێی ئەنجامەکانن کە بڕیارە لەڕۆژانی داهاتودا ڕابگەیەنرێن، دوای وەرگرتنی نمونەکان‌و ئەنجامدانی پشکنین، پەیمانگەی دادی پزیشکی سلێمانی ئەنجامی کۆتایی پشکنینەکان بڵاودەکاتەوە.

جگە لەم تەرمە سوتاوە، به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، زیاتر لە 15 چەکدار لەشەڕەکەی لالەزار بێسەروشوێنن، بەشێکیان هێشتا لەژیاندان، بەڵام شوێنی زیندانیکردنیان دیارنییەو کەس نەیبینیون، بەشێکی دیکەشیان کوژراون.

شەوی 22ی ئاب، هێزێکی زۆری کۆماندۆو دژەتیرۆری یەکێتیی، هێرشییانکردەسەر شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی لەنزیک هۆتێل لالەزار، دوای زیاتر له‌کاتژمێرێک شەڕکردن بەشی هەرەزۆری ئەندامانی هێزی دوپشک کە بەرگرییان لەلاهور شێخ جەنگی دەکرد، دەستگیرکران یان کوژران.

بەپەلە